سەركردە دەستلەكاركێشاوەكانی بزوتنەوە بڕیاری كۆتاییاندا

هەواڵ / کوردستان :: 27/04/2019‌ :: 3418‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

دوو سەركردەی بزووتنەوەی ئیسلامی گەڕانەوەی سەركردە دەستلەكاركێشاوەكانیان بۆ نێو حیزبەكان رادەگەیەنن.


ئێوارەی ئەمڕۆ 27ی نیسانی 2019 لە بارەگای رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ بەرپرسانی بزووتنەوە سازكرا، سەبارەت بەكۆتاییهاتنی كێشەی سەركردە دەستلەكاركێشاوەكانیان.

عەبدوڵا حەمەمراد، بەرپرسی دەستەی شەرعی بزووتنەوە رایگەیاند: ئەوان وەكو دەستەی زانایانی شەرعی بەهاوكاری لیژنەی راسپێردراوی شورای ناوەندی دوای چەند دانیشتن و گفتوگۆیه‌ك لەگەڵ ئەو سەركردانەیان كە پۆستەكانیان هەڵپەساردبوو، ئەمڕۆ دانیشتنی كۆتاییان كرد بۆ كۆتاییهێنان بەو كێشە و ململانێیانە.

ناوبراو روونیكردەوە: داواكاری ئەو سەركردانەیان لەگەڵ داواكارییەكانی كۆنفرانس یەكیاندەگرتەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئەوانیش پابەندبوونەوەی خۆیان بۆ بزووتنەوە دووپاتكردەوە.

سەرباز خۆشناو، ئەندامی پێشووی دەستلەكاركێشاوەی سەركردایەتی كە یەكێك بوو لەسەركردە دەستلەكاركێشاوەكان، رایگەیاند: پێشتر چەند خاڵێكیان پێشنیاركردبوو بۆ دۆخی نێوخۆیی حیزب، بۆیە دەستیان لەپۆستەكان كێشایەوە، پاش ئەوەی دەستەی شەرعی هاتنەپێشەوەو گفتوگۆیان كرد، لەداهاتوودا ئەو خاڵانە جێبەجێ دەكرێت، خاڵەكانیش تایبەتن بەدۆخی نێوخۆیی حیزب.

وتیشی :"هەر شەشمان لەسەركردایەتی و مەكتەب سیاسی بووین و چەند كەسێكی دیكەش گەڕاینەوە".

ماوەیەك لەمەوبەر ئەو سەركردانەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەرامبەر پاشەكشەی حیزبەكەیان لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و كوردستان و ناڕوونی لەسیاسەتی دارایی و پەیوەندییەكان، دەستیان لەپۆستەكانیان كێشایەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure