به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى مین له‌ سلێمانى: زیاتر لە 171 ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ ماوه‌ پاكبكرێته‌وه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 27/04/2019‌ :: 546‌ جار بینراوە
موحسین شێخ عبدولكه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروبارى مین له‌ پارێزگاى سلێمانى

دواڕۆژ، سامان قوبادى
موحسین شێخ عبدولكه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروبارى مین له‌ پارێزگاى سلێمانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژ ئاگادارى هاوڵاتییان و گه‌شتیاران ده‌كاته‌وه‌ كه‌به‌هۆى باران و لافاوه‌وه‌ مین و ته‌قه‌مه‌نى له‌ چه‌ندین ناوچه‌دا ده‌ركه‌وتوون و ده‌شڵێت: ئه‌و بوودجه‌یه‌ى بۆ پاككردنه‌وه‌ى زه‌وى له‌ مین ته‌رخان ده‌كرێت له‌ ئاستى پێویستدا نییه‌، له‌كاتێدایه‌ زیاتر له‌ 171 ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ ته‌نیا له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى به‌ مین و ته‌قه‌مه‌نى چێنراوه‌.


دواڕۆژ:سه‌ره‌تا له‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین كه‌ به‌هۆى باران و لافاو مین و ته‌قه‌مه‌نى له‌ كێلگه‌كانه‌وه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى تر، ئاگادارى ئه‌وه‌ن؟ چیتان كردووه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ى؟
موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: فراوانترین سنورمان هه‌یه‌ كه‌ زۆرترین مین و ته‌قه‌مه‌نى تێدا چێنراوه‌، له‌ ناوچه‌ى رانیه‌ و قه‌ڵادزێ تا ده‌گاته‌ سنورى پێنجوێن، هه‌روه‌ها سنورى قادر كه‌ره‌م  و ده‌ربه‌ندیخان و پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌و داتایانه‌ى له‌به‌رده‌سته‌ به‌رده‌وام گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت، به‌تایبه‌ت ئه‌مساڵ به‌هۆى باران بارینى زۆر و لافاوه‌وه‌ گۆڕان به‌سه‌ر سنورى كێڵگه‌ مینه‌كاندا هاتووه‌، مین له‌رێگه‌ى سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ كانیاوه‌كان، هه‌ندێك ناوچه‌  كه‌ ساڵى رابردوو له‌مین پاككراوه‌ته‌وه‌ ئه‌مساڵ  پیس بوون، بۆیه‌ لافاو و باران مینێكى زۆرى له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى تر هێناوه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كى تر، ئاگادارى هاوڵاتییان و گه‌شتیاران ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌دوور بكه‌نه‌وه‌، مین و ته‌قه‌مه‌نییان بینى په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تیمه‌كانمان هه‌ڵمه‌تێكى هۆشیاركردنه‌وه‌ى فراوانیان ئه‌نجامداوه‌ بۆ گه‌شتیاران و گوندنشینان تاوه‌كو ئاگادارى ئه‌م دۆخه‌ بن. 


دواڕۆژ: به‌ هۆی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ چه‌ند كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌؟

موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: به‌هۆى هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك و پاككردنه‌وه‌ى كێڵگه‌كان به‌راورد به‌ 2 بۆ 5 ساڵى رابردوو به‌ڕێژه‌ى 90% قوربانیانى منیمان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، له‌و ۆركشۆپه‌كانمان 135 هه‌زار و 114 كه‌س سودمه‌ند بوون، له‌ دواى ساڵى 1991وه‌  1482 كه‌س بریندار بوون، 6007 كه‌س شه‌هید بوون.

دواڕۆژ، ئه‌و رووبه‌ره‌ چه‌نده‌ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى كه‌ مینى تێدایه‌؟
 موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: 82 ملیۆن و 540 هه‌زار 554 مه‌تر چوارگۆشه‌ له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نى پاككراوه‌ته‌وه‌، 171 ملیۆن و 467 هه‌زار 369 مه‌تر چوار گۆشه‌ ماوه‌ پاكبكرێته‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌ چه‌ند ساڵى تر ئه‌و رووبه‌ره‌ى باسى ده‌كه‌یت ده‌توانرێت له‌ مین پاكبكرێته‌وه‌؟ 
موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: ناتوانین كاته‌كه‌ى ته‌خمین بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌یرانى دارایى نه‌مێنێت و كۆمپانیاكانى بوارى پاكسازى مین كار بكه‌ن، ماوه‌یه‌كى زۆرمان ناوێت بۆ پاككردنه‌وه‌ى ناوچه‌كان له‌ مین.

دواڕۆژ: جۆر و ژماره‌ى ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ى زیاتر ده‌یدۆزنه‌وه‌ چه‌نده‌؟ به‌رهه‌مهێنراوى كام وڵاتانه‌یه‌؟
موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: تائێستا 26 هه‌زار و 950 ماده‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، كه‌ بریتین له‌ گولــله‌ هاوه‌ن و گولـله‌ تۆپ، 697 مینى دژه‌ تانك، هه‌روه‌ها 85 هه‌زار و 520 مینى دژه‌ كه‌سى دۆزراونه‌ته‌وه‌، 1136 پارچه‌ له‌ جۆرى ilm  كه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ وه‌ك گولـله‌ى فۆسفۆر دۆزراونه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: مێژووى چاندنیان بۆ كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: قۆناغى یه‌كه‌م زیاتر له‌ 50 ساڵ پێش ئێستا له‌ شۆڕشى ئه‌یلولدا چێنراوه‌،  قۆناغی دووه‌م-یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌بۆ شه‌ڕى ئێران و عێراق، قۆناغى سێیه‌م-یش له‌ شاڵاوى ئه‌نفال دا بووه‌ كه‌ رژێمى به‌عس شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى گوندنشینان و كانیاوه‌كانى به‌ مین ده‌چاند بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ یان هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌و ناوچانه‌ چالاكى هه‌بوو پێیدا بته‌قێته‌وه‌.


دواڕۆژ: كێن ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى هاوكارییتان ده‌كه‌ن؟

موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: رێكخراوى (mad ) ن بریتانى و (mpa  ) ن نه‌رویجى جێده‌ستیان دیار بووه‌ و جێگه‌ى ده‌ستخۆشین، تیمه‌كانمان په‌روه‌رده‌ى ئه‌و دوو رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ن، هاوكات سه‌نته‌رێكى راهێنانمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاستى عێراقدا یه‌كه‌مه‌ له‌رووى كادر و لۆجستیه‌وه‌.


دواڕۆژ: له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى كام ناوچه‌ زۆرترین مین و ته‌قه‌مه‌نى تێدا چێنراوه‌؟

موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: سنورى پێنجوێن مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كى زۆرى تێدا چێنراوه‌، چونكه‌ سه‌ر سنوره‌ و شه‌ڕگه‌ى ئێران و عێراق بووه‌، به‌ پله‌ى دووه‌م ناوچه‌ى شارباژێر دێت.

دواڕۆژ: حكومه‌ت چى كردووه‌ بۆ  ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ تیمه‌كانتان بریندار یان شه‌هید ده‌بن؟
موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ شه‌هید ده‌بن، داوامان له‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كردووه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ى شه‌هیدى سه‌نگه‌ریان له‌گه‌ڵدا بكرێت و له‌ئێستاشدا ئه‌مه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌مئه‌ندام ده‌بن پڕۆژه‌ یاسایه‌كمان به‌ناوى ماف و ئیمتیازاتى پیشه‌گه‌رانى مین له‌ دوو خولى پێشودا نارده‌ په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ كرا، دواتر هیچ كارێكى له‌سه‌ر نه‌كرا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لۆبیه‌كمان دروستكردووه‌ له‌رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ده‌زگاى گشتى مین بۆ ئه‌وه‌ى له‌م خوله‌ نوێیه‌ى په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، به‌ ده‌ركردنى ئه‌و یاسایه‌ نه‌ك هه‌ر بڕینه‌وه‌ى موچه‌ بۆ كه‌مئه‌ندامانى ئه‌م پیشه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ رووى خانه‌نشینییه‌وه‌ هه‌موو ماف و ئیمتیازاته‌كانیان دیارى كراوه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ بۆ ئه‌م كه‌سانه‌ نه‌كراوه‌.

دواڕۆژ: ده‌توانین بڵێت خاكى كوردستان ئارام و پاكه‌ و مه‌ترسى نییه‌؟
موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: ئارامه‌ چونكه‌ توانیومانه‌ زۆربه‌ى كێڵگه‌كان پاك بكه‌ینه‌وه‌، مین و ته‌قه‌مه‌نى زیاتر له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان چێنراوه‌، ئه‌و شوێنانه‌ى پاك نه‌كراونه‌ته‌وه‌ نیشانه‌رێژ كراون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هۆى باران و لافاوه‌ گۆڕانكارى وگواستنه‌وه‌ى مین رویدابێت، تیمه‌كانمان له‌ماوه‌ رابردوودا به‌رده‌وام هۆشدارییان داوه‌ به‌ خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌.


دواڕۆژ: به‌و بودجه‌یه‌ى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆتان دابینده‌كرێت، ده‌توانرێت سنوره‌كه‌ له‌مین پاكبكرێته‌وه‌؟ 

موحسین شێخ عبدولكه‌ریم: ئه‌و بودجه‌یه‌ ته‌نیا بۆ به‌ڕێوه‌بردنى تیمه‌كان و خه‌رجى رۆژانه‌یه‌، به‌شى بێداویستیه‌كان ناكات، ته‌نانه‌ت ناشتوانین كاره‌كانمانى پێ به‌ره‌وپێش به‌رین.

پێداچوونه‌وه‌:هـ. ق

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure