چوار ئه‌ندامى كۆمه‌ڵ ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 26/04/2019‌ :: 3085‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


چوار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی بنه‌سڵاوه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی راگه‌یاند و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن: پاڵپشتی خۆیان بۆ ئه‌و سه‌ركردانه‌ش ده‌رده‌بڕن كه‌ پێشتر ده‌ستیانله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌. 


ئه‌و چوار ئه‌ندامه‌ی ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ بریتین له‌:  محمد ئیبراهیم، هیوا ڕەسول، شکور صابر و عەباس ڕەسول كه‌ سه‌رجه‌میان كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی بنه‌سڵاوه‌ی سه‌ربه‌ مه‌ڵبه‌ندی یازده‌ی ده‌وروبه‌رى هه‌ولێرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى-ین. 
 
ئه‌و چوار ئه‌ندامه‌ى كۆمه‌ڵ به‌یاننامه‌یەكیان له‌باره‌ى هۆكارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌ "ئێمە وەکو ئەنجومەنی شەشی بنەصڵاوەی مەڵبەندی یازده‌ی دەوروبەر پشتگیری خۆمان بۆ بەرپرسی مەڵبەندی یازدەی دەورووبەرو بەرپرسی ئەنجومەن و برایانی دەستلەکارکێشاوە دەردەبڕین و لە ئەمڕۆوه‌ دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان لەکۆمەڵی ئیسلامی رادەگەیەنین".

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌رپرسان بۆته‌ دیارده‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی هه‌ینی رابردوو سێ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ له‌ رێگه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ وازهێنانی خۆیان له‌و حزبه‌ راگه‌یاند و هۆكاره‌كه‌شیان بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی سیاسی و ده‌سته‌ی بانگه‌واز كێشه‌ بۆ مه‌ڵبه‌نده‌كانی سنووری هه‌ولێر دروستكراوه‌ و پێشێلی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب كراوه‌. دوای وازهێنانی ئه‌و سه‌ركردانه‌ش تاوه‌كو ئێستا هه‌شت كارگێڕ مه‌ڵبه‌ندی تری كۆمه‌ڵ له‌ سنووری هه‌ولێر وازیان له‌و حزبه‌ هێناوه‌. 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure