ئه‌و "شۆڕشگێڕه‌ی" خۆی وه‌كو شای شاكان سه‌پاند

هەواڵ / جیهان :: 27/04/2019‌ :: 168‌ جار بینراوە
موعه‌مه‌ر قه‌زافی

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

له‌ زۆربه‌ی شۆڕشه‌ هاوچه‌رخه‌كانی جیهاندا، شۆڕشگێڕه‌كان له‌دوای رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی شا، ده‌وڵه‌تێكی كۆمارییان دروستكردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ لیبیا روویدا جیاواز بوو.

موعه‌مه‌ر قه‌زافی، ئه‌فسه‌رێكی نیشتمانیی شۆڕشگێڕی لیبیا بوو كه‌ له‌ كوده‌تایه‌كی سه‌ربازیدا له‌ ساڵی 1969 توانی كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی شا ئیدریس بهێنێت كه‌ 10 ساڵ بوو حوكمی لیبیای ده‌كرد.

قه‌زافی دوای سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕینه‌كه‌ی، تا ساڵی 1977 خۆی وه‌كو (سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش) ده‌ناساند و پاشان نازناوی (سه‌ركرده‌ی شۆڕش)ی له‌خۆی نا. نازناوێكی تریشی بریتی بوو له‌ (برای سه‌ركرده‌ و رابه‌ری شۆڕشی گه‌لی مه‌زن).

قه‌زافی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر لیبیادا هێنا و به‌ بیرۆكه‌ و لێدوان و سیاسه‌ته‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌كانی گه‌لی لیبیای گۆڕی بۆ گه‌لێكی به‌رخۆر كه‌ حكومه‌ت هه‌موو پێداویستییه‌كی بۆ دابینده‌كردن، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌شدارییه‌كی راسته‌قینه‌یان له‌ سیاسه‌ت و حوكمڕانی و پێشخستنی وڵاتدا هه‌بێت. چه‌ندجارێكیش به‌هۆی هه‌وڵی تیرۆریستی و هه‌وڵدان بۆ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو، وڵاته‌كه‌ی رووبه‌ڕووی سزای نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ ساڵی 2008دا قه‌زافی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆكه‌كانی ئه‌فریقا رێكخست و نازناوی (شای شاكانی ئه‌فریقا)ی وه‌رگرت. ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌نه‌ له‌ مێژووی هاوچه‌رخدا كه‌ شۆڕشگێڕێك كه‌ كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی شا بهێنێت و ده‌وڵه‌تێكی كۆماری رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام دواجار نازناوی شای شاكان وه‌ربگرێت.

قه‌زافی له‌دوای 42 ساڵ حوكمڕانی له‌ ساڵی 2011دا له‌لایه‌ن گه‌له‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات دوورخرایه‌وه‌ و كۆتایی به‌ ژیان و ده‌سه‌ڵاتی هێنرا.

ئا: س ر 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure