عێراق له‌سه‌ر راده‌ستنه‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / ئابوری :: 25/04/2019‌ :: 3324‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: تائێستا هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندنه‌بووه‌ به‌ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ به‌ كۆمپانیای سۆمۆ.


سامر غه‌زبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی نیسانی 2019) له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2019، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی  سۆمۆ (كۆمپانیای نیشتیمانى به‌ بازاڕكردنی نه‌وت) بكات و دواتر داهاته‌كه‌ی ده‌چێته‌ سندوقی دارایی ده‌وڵه‌ته‌وه‌.

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ تائێستا كه‌ مانگی چواری 2019یه‌، هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی راده‌ستی عێراق نه‌كردووه‌، وتیشى: "به‌هیوام هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌ یاسای بودجه‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ په‌یوه‌ندیداین و به‌منزیكانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا كۆده‌بینه‌وه‌".

ئه‌وه‌شى وت: "ئێمه‌ به‌ته‌واوی پابه‌ندبووین به‌ یاسای بودجه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".

وه‌زیری نه‌وت باسی له‌وه‌شكرد: عێراق له‌توانایدایه‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بگه‌یه‌نێت شه‌ش ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌ و تاوتووتوێی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ كێڵگه‌كانی كه‌ركوك 50%ى رێژه‌ی ئێستا زیادبكه‌ین.

به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات، له‌به‌رامبه‌ردا عێراق مانگانه‌ 900 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ و پڕۆژه‌كانی هه‌رێم ده‌نێرێت، ئه‌گه‌ر هه‌رێم ئه‌و نه‌وته‌ راده‌ست نه‌كات، به‌غدا مانگانه‌ ته‌نیا 522 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرێت.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure