یەکەم دڵی مرۆڤ بە تەکنەلۆجیای سێ رەهەندی دروستكرا

هەواڵ / زانست :: 25/04/2019‌ :: 442‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ

ژماره‌یه‌ك زانای ئیسڕائیلی ئاشکرایانکرد یەکەم دڵی مرۆڤیان بە تەکنەلۆجیای سێ رەهەندی دروستکردووە.


زانایانی زانکۆی تەل ئەبیب رایانگه‌یاند: بەم تەکنەلۆجیایە نەک تەنیا شانەکانی دڵ بەڵکو مولولە و خوێنبەرەکانیشمان دروستکردەوە، ئەمەش هیوایەکی نوێ دەبەخشێت بە بواری چاندنه‌وه‌ى دڵ.

زانایان ئاواتەخوازن ئەم هەنگاوە رێخۆشبکات بۆ دروسکردنی دڵی گونجاو و چاندنی لە لەشی مرۆڤدا یان دروستکردنی شانە بۆ نوێکردنەوەی ئەو بەشانەی دڵ کە زیانی پێگەیشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دڵانەی دروستیانکردووە هێندەی دڵی کەروێشک بچوکە.

زانایان دەڵێن: هێشتا ئەم داهێنانەیان پێویستی بە پەرەپێدان هەیە تاوەکو وەک دڵی ئاسایی خوێن بگوازێتەوە و هەنگاوی داهاتوویان بریتی دەبێت لە تاقیکردنەوەی ئەم دڵە دەستکردانە لەسەر ئاژەڵ.

نەخۆشی دڵ  و خوێنبەرەکان یەکێکن لە سەرەکیترین هۆکارەکانی مردن لە جیهاندا و لە زۆرێک حاڵەتەکاندا چاندنه‌وه‌ى دڵ تاکە هەڵبژاردەیە لەبەردەم نەخۆشەکاندا و زۆربەیان لەماوەی چاوەڕوانی دڵێکی نوێ گیان لەدەستدەدەن.

چۆن ئەم دڵە دروستدەکرێت؟
زانایان بەشێک لە شانە چەورییەکانی نەخۆشەکە وەردەگرن و دواتر وەک مادەیەکی ئەندامی بۆ دروسکردنی دڵەکە بە شێوازی سێ رەهەندی بەکاردەهێنن تاوەکو نەخۆشەکە هەستیاری پێنەبێت و کۆئەندامی بەرگری لەش وەک تەنێکی نامۆ تەماشای نەکات.

بەڵام زانایان چەندین کۆسپی جیاوازیان لەبەردەمدایە وەک دەستکەوتنی مادەی پێویست بۆ دروستکردنی دڵەکە.

تەکنەلۆجیای سێ رەهەندی لە چەندین بواری جیاوازی وەک دروستکردنی خانوو و چەک و بەکاردەهێنرێت.

وەرگێڕان: هێڤی فەرهاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure