له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەکەرکوکیشەوە بڕیاردرا

هەواڵ / عێراق :: 25/04/2019‌ :: 1380‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایده‌گه‌یه‌نێت: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکوکیشەوە لەوادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت کە کۆتایی ئەمساڵە.


(ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2019) وەفدێکی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەکان له‌ عێراق بۆ بەدواداچوونى نوێکردنەوە و خۆتۆمارکردن له‌ تۆماری دەنگدەران سەردانی نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنەکەیان کرد.

مەعەن هیتاوی، سەرۆکی کۆمسیۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنەکە رایگەیاند: لە کەرکوک 600 هەزار کەس لە کۆی یه‌ك ملیۆن و 12 هەزار كه‌س ناوی خۆیان تۆمارکردووە، بەوەش نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە 60%.

وتیشی: "لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا دەنگدان بەکارتی بایۆمەتری دەبێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان سەردانی بنکەکان بکەن، بەمەبەستی نوێکردنەوەی ناوەکانیان لە تۆماری دەنگدەران کە بۆ 11ی ئایار درێژکراوەتەوە".

بڕیارە 16ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەپێی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2018 پڕۆسەکە لە کەرکوکیش ئه‌نجامده‌درێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure