سه‌رۆكى سه‌ندیكاى كرێكاران: ئافره‌ت هه‌بووه‌ له‌كاتی كاردا ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ر

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 27/04/2019‌ :: 503‌ جار بینراوە
عوسمان زیندانى

تاگ :: بێکاری

دواڕۆژ، سامان قوبادى

عوسمان زیندانى، سه‌رۆكى سه‌ندیكاى كرێكارانى بیناسازى لقى سلێمانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت: "حاڵه‌ت هه‌بووه‌ ره‌گه‌زى مێینه‌ تووشى ده‌ستدرێژى بووه‌ته‌وه‌ له‌ شوێنى كاره‌كه‌یدا و زۆرجار ئه‌م رووداوانه‌ په‌رده‌پۆش ده‌كرێن".

دواڕۆژ:  ئایا رێژه‌ى گیانله‌ده‌ستدانى كرێكاران له‌ شوێنى كاردا زیادیكردوه‌؟
عوسمان زیندانى:
ناتوانین ئامار ئاشكرا بكه‌ین، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا ئاماره‌كان راده‌گه‌یه‌نین، به‌ڵام به‌راورد به‌ ساڵى پار رێژه‌ى گیانله‌ده‌ستدانى كرێكاران له‌سه‌ر كاره‌كانیان زیادی نه‌كردووه‌، به‌ڵام رووداوى گیانله‌ده‌ستدان هه‌بووه‌ له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم، ته‌نانه‌ت به‌هۆى روخانى بیناوه‌ هه‌بووه‌ زیاتر له‌ 5 كرێكارى تێدا بریندار بووه‌.

دواڕۆژ: له‌ رۆژى 1ى ئایاردا كه‌ جه‌ژنى كرێكارانه‌، ده‌تانه‌وێت چى چالاكییه‌ك بكه‌ن؟
عوسمان زیندانى:
له‌و رۆژه‌دا چالاكى جۆراوجۆر ده‌كه‌ین، سه‌ندیكاى كرێكارانى كوردستان لقى سلێمانى په‌یكه‌رێك بۆ كرێكار دروست ده‌كات و به‌ رێوڕەسم داده‌نرێت، چه‌ند داواكارییه‌كیش ده‌ده‌ینه‌ حكومه‌ت له‌باره‌ى دۆخى خراپى كرێكاران.

دواڕۆژ: بۆچى تائێستا وه‌كو خۆى یاساى ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و خانه‌نشینى بۆ كرێكاران جێبه‌جێ ناكرێت؟
عوسمان زیندانى:
یاساى خانه‌نشینى و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ كرێكاران له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌ى یاسایى زۆرى تێدایه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ كرێكارى رۆژانه‌ى بیناسازى و بواره‌كانى تر ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى نایانگرێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكى زۆرى كرێكاران پێكده‌هێنن، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى پاش زیاتر له‌ 20 ساڵ له‌ كاركردن و له‌كۆتاییدا پێى خانه‌نشین ده‌بێت بڕێكى زۆر كه‌مه‌، داواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌م بڕگه‌یه‌مان كردووه‌.

دواڕۆژ: ئایا یاساكه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت؟
عوسمان زیندانى:
نه‌خێر، بۆ نموونه‌ كه‌سێك 100 كرێكارى هه‌یه‌، به‌ڵام 80ی ناونووس ده‌كات، بۆیه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌نكاره‌وه‌ جێبه‌جێ ناكرێت، جگه‌ له‌وه‌ش بڕى دیاریكراوى كرێ نەگونجاوە، بۆ نموونه‌ له‌ ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بێت 70%ى مووچه‌ى كرێكار خاوه‌نكاره‌كه‌ بیدات به‌ فه‌رمانگه‌ى ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و له‌12%ى له‌ پاره‌ى خۆى و 5%ى له‌ پاره‌ى كرێكار  ببڕدرێت، به‌ڵام كرێكار هه‌یه‌ به‌ 500 هه‌زار كار ده‌كات، خاوه‌نكار به‌ 280 هه‌زار دینار زه‌مانى ده‌كات، له‌ داهاتوودا كاریگه‌ریى له‌سه‌ر مووچه‌ى خانه‌نشینییه‌كه‌ى ده‌بێت كه‌ بۆى كۆده‌كرێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كرێكار هه‌یه‌ هیچ زه‌مانێكى نه‌كراوه‌.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ بۆچى له‌مه‌ بێده‌نگن یان رێكارى یاسایى ناگرنه‌به‌ر؟
عوسمان زیندانى:
لیژنه‌یه‌كى پشكنین هه‌یه‌ رۆژانه‌ ده‌چنه‌سه‌ر كار و پڕۆژه‌كان، زۆر كه‌یس هه‌یه‌ كه‌ تۆماركراوه‌ له‌ دادگا له‌سه‌ر خاوه‌ن كاره‌كان، هه‌ر كه‌سێكیش پابه‌ند نه‌بێت غه‌رامه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ژماره‌ى لیژنه‌كانى پشكنین هێشتا كه‌من.

دواڕۆژ: چه‌ند ئه‌ندامى كرێكارى ره‌گه‌زى مێینه‌تان هه‌یه‌؟
عوسمان زیندانى:
رێژه‌ى كرێكارانى ئافره‌ت به‌راورد به‌ پیاوان له‌ 8% تێپه‌ر ناكات.

دواڕۆژ: ئایا حاڵه‌ت هه‌بووه‌ ره‌گه‌زى مێینه‌ توشى ده‌ستدرێژى بووبێته‌وه‌ له‌ شوێنى كاره‌كه‌یدا؟
عوسمان زیندانى:
ئه‌م حاڵه‌تانه‌ هه‌بووه‌، به‌س به‌كه‌مى روویداوه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ ئافره‌تێك له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ لاى ئێمه‌ و سكاڵاى تۆماركردبێت، زۆرجار ئه‌م رووداوانه‌ په‌رده‌پۆش ده‌كرێن.

دواڕۆژ: ژیان و گوزه‌رانى كرێكاران له‌ چی ئاستێكدایه‌؟
عوسمان زیندانى:
گوزه‌رانى كرێكاران به‌تایبه‌ت له‌بوارى بیناسازیدا له‌ دۆخێكى خراپدایه‌، له‌ یاساى كاردا كه‌ گرێبه‌ست نوسین و كرێى ته‌واو و مۆڵه‌ت ده‌یگرێته‌وه‌، جێبه‌جێ ناكرێت،  به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كرێى كرێكار و ده‌رماڵه‌كانیان له‌ هه‌ندێك شوێندا كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ نه‌ماوه‌ و قه‌یرانى دارایى كه‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كه‌رتى تایبه‌ت ئه‌و كرێ و ده‌رماڵانه‌ى بڕدراوه‌ و كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و نه‌هاتووه‌ته‌وه‌ جێگه‌ى خۆى، هه‌روه‌ها كرێكار له‌سه‌ر كار ده‌رده‌كرێت و كرێكه‌ى پێناده‌ن، جگه‌ له‌وه‌ بێكارییه‌كى درێژخایه‌ن هه‌یه‌، له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوودا سه‌دان هه‌زار كرێكار بێكاربوون، به‌پێى ئامارى رەسمى وه‌زاره‌تى پلاندانان رێژه‌ى بێكارى كرێكاران 13%یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێمانوایه‌ 20% زیاتره‌، چونكه‌ ساڵانه‌ به‌ده‌یان هه‌زار خوێندكارى زانكۆ و په‌یمانگە خوێندن ته‌واوده‌كه‌ن و بێكار ده‌مێننه‌وه‌.

دواڕۆژ: ئایا هاتنى كرێكارى ئێرانى و سورى جێگه‌ى به‌ كرێكارى خۆماڵى لێژكردوه‌؟
عوسمان زیندانى:
له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانى ده‌وروبه‌رمانه‌وه‌ كرێكارێكى زۆر روویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانى بێكاربوونى كرێكارى ناوخۆى، هۆكارى سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى هه‌رێم سیاسه‌تێكى ئابورى خراپى گرتۆته‌به‌ر كه‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ى پشتبه‌ستنه‌ به‌ داهاتى نه‌وت كه‌  ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كى ئێجگار كه‌م خه‌ڵك ده‌خاته‌ سه‌ر كار، گرنگی نادات به‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازى، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و كارگانه‌ى له‌سه‌رده‌مى رژێمدا دروستكرابوون له‌ناوبران، كه‌رتى تایبه‌تیش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پشتگوێخراوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure