تا كه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت دوائه‌كه‌وێت؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 25/04/2019‌ :: 188‌ جار بینراوە

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

هه‌فته‌ی داهاتوو حه‌وت مانگ به‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن تێئه‌په‌ڕێت و تائێستا پێكهێنانی حكومه‌تی سێ حزب شكستیهێناوه ‌و له‌به‌ر پۆست و پایه‌ به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان تازه‌به‌تازه‌ له‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و دانوستان كۆئه‌بنه‌وه ‌و درێژه‌ به‌ پێكه‌نینه‌كانیان ئه‌ده‌ن.


كیشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ئه‌سێنی و باری هاووڵاتیان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ قورس و خراپه،‌ به‌ تایبه‌ت له‌ رووی ئابوورییه‌وە. له‌ ساڵانی رابردوو له‌ ماوه‌ی بیست و حه‌وت‌ ساڵ نه‌توانرا كارگه‌داخراوه‌كان نۆژه‌ن بكرێنه‌وه ‌و بخرێنه‌كار، ئه‌وه‌ش هۆیه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ هه‌ژاری و بیكاری و برسیكردنی رۆڵه‌كانی گه‌ل.

به‌ هۆی نه‌بوونی و نه‌داریی خه‌ڵك و بێكاری و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ی بێهۆشی و نه‌خۆشی و نه‌بوونی ده‌رمانی پێویست یان ده‌رمانی كاتبه‌سه‌راچوو (ئیكسپایه‌ر) له‌پاڵ بێ ئاوی و كه‌میی كاره‌با، دۆخی كوردستان به‌ره‌و مه‌ترسی ئه‌ڕوات.

زۆر له‌ به‌رپرسان رۆژانه‌ باسی خزمه‌تگوزاری و چاككردنه‌وه‌ی ژیان و بژێویی هاووڵاتیان ئه‌كه‌ن و هه‌مووكات وه‌ك كارێكی سروشتی ئاماژە به‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانه ‌و ئه‌بێت لە پیلانی ناحەزان بیانپارێزین و به‌هیچ جۆرێك به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م و ئه‌و رازیی نابین، به‌ڵام نه‌خشه ‌و كرده‌وه ‌و پیلانه‌كانی ئێران و توركیا و جێده‌ستیان به‌ ئاشكرا دیاره‌.

له‌ كوردستان ده‌ستور نییه ‌و به‌رپرسان به‌پێی میزاج و خواست و ئاره‌زوو ره‌فتار و ته‌راتێن ئه‌كه‌ن و رۆژانه‌ ئه‌ندام و كادری سێ حزبه‌كه‌ له‌ رێی نووسین و كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی یان له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و سته‌لایته‌كانه‌وه‌ راگه‌یاندنی جۆراوجۆر بڵاوئه‌كه‌نه‌وه ‌و هیچیان پێ نه‌ماوه‌. یه‌كێك ئه‌ڵێت دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت ئاساییه‌، ئه‌وی تریان ئه‌ڵێت هه‌موو شتێك كۆتایی پێهاتووه‌ و ته‌نها ماوه رێكه‌وته‌نه‌كان‌ واژۆ بكرێن. ئه‌م جۆره ئاخافتنه‌‌ له‌ پاش حه‌وت مانگ ئه‌وترێت.  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیرەك ئه‌ڵێت: هاته‌وه‌ با بێته‌وه‌ ناسکێ له‌ ناو باغه‌وه.‌ یان وه‌ك له‌ گه‌رمیان باوه‌: با گوڵه‌ له‌ كانی بێته‌وه‌. واته‌ به‌رپرسان بوونه‌ته‌ جێی گاڵته‌جاری و ره‌خنه‌ی هاووڵاتیان.

هه‌رێم بێ ده‌ستور و بێ یاسایه‌، هه‌ر لایه‌نێكی بۆ خۆی كار ئه‌كات و  به‌شێكی زۆر له‌ هاووڵاتیان. به‌ تایبه‌ت نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسان، ئه‌ڵێن سه‌روكایه‌تی هه‌رێم پێویست نییه‌ چونكه‌‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه ‌و ساڵانه‌ ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌ و دیوانه‌كه‌ی خه‌رجێكی زۆر و گه‌وره‌ی ئه‌وێت، له‌باتی نه‌مانی ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌،  وا جێگرێكی تازه‌ی بۆ دائه‌تاشن، به‌م كرده‌وه‌یه‌ش نیاز وایه‌ جێگرێك بۆ سه‌رۆك حكومه‌ت زیاد بكه‌ن، هه‌روا بۆ رازی و ته‌بایی به‌رپرسانی سێ حزبه‌كه‌ وه‌زاره‌تێكی تریش دائه‌مه‌زرێنن، ئه‌گه‌ر كار وابڕوات ئه‌بێت پله‌ و پۆست زیاد بكه‌ن.

له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر یه‌ك له‌م سێ لایه‌نه‌ ئۆباڵی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌خاته‌ ئه‌ستوێ لایه‌نه‌كه‌ی تر و به‌پێی گفتوگۆكان و راگه‌یاندنه‌كان پاكانه‌ ئه‌كه‌ن گوایه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ نایه‌وێت ببێته‌ هۆی تێكدانی پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی حكومه‌ت. به‌رپرسێكی پارتی ئه‌ڵێت بەهۆی یەكێتی و دواتریش بەهۆی نیگەرانییەكانی گۆڕانەوە پرۆسەكە په‌كیكه‌وتووه.‌

به‌پێی ئاخافتن و هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رپرسانی سێ حزبه‌كه،‌ هێشتا گه‌مه‌كه‌ زۆری ماوه ‌و درێژه‌ی ئه‌بێت، به‌ روونیی‌ دیاره‌ له‌ ناو هه‌ر سێ حزب بۆ پله ‌و پایه ‌و پۆست هه‌رایه ‌و زۆر كه‌س خۆیان ناونووسكردووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ ناوخودی پارتییش ناكۆكی و مشتومڕ و زۆران هه‌یه‌ له‌ نێوان باڵه‌كانی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی و هه‌ر یه‌ك هه‌وڵ ئه‌دات ده‌سه‌ڵاتی زیاتری هه‌بێت.

باشتروایه‌ به‌رپرسانی سێ حزبه‌كه‌ خه‌می چاكسازی و هاووڵاتیان بخۆن و نه‌گه‌ڕێن به‌ دوای پله ‌و پۆستدا، بۆئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان چیتر زیاتر له‌م چه‌قبه‌ستووییه‌دا نه‌مێنێته‌وە، خه‌ڵك بێ ئومێد نه‌كه‌ن و حكومه‌تی داهاتوو وه‌ك حكومه‌ته‌كه‌ی پێنج حزبه‌كه‌، حكومه‌تی بنكه‌ فراوانی لێنه‌یه‌ت‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure