بۆ یه‌كه‌مجار نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 24/04/2019‌ :: 295‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌، نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان ده‌كرێته‌وه‌، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش ده‌ڵێت: "كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كانیش له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ چاره‌سه‌رده‌كرێن".


سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ى نیسانى 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: دروستکردنی نەخۆشخانەى پێشمه‌رگه‌ لە چوارچێوەی ئه‌و هاوکاریانه‌یه‌ كه‌ هێزه‌كانى ئەڵمانیا بۆ پێشمه‌رگه‌ دابینیانكردووه‌ و بەبڕی پێنج ملیۆن دۆلار دروستکراوە.

وتیشى: "نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌سیستمێكى پێشكه‌وتوو دروستکراوە و جگە لە پێشمەرگە، کەسوکاری نزیکی پێشمەرگە برینداره‌كانیش له‌وێ چاره‌سه‌رده‌كرێن".

نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن ستافێكى پزیشكى هه‌رێم و ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ده‌برێت و بڕیارە لە نزیک نەخۆشخانەكه‌ش نەخۆشخانه‌یەکی پێشکەوتووتر دروستبکرێت.

له‌شه‌ڕى رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش زیاتر له‌ 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ برینداربوون، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن نه‌نێردراونه‌ته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure