یه‌كێتى هه‌نگاوێكى نوێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌ حكومییه‌كان ده‌نێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/04/2019‌ :: 3116‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال

یەکێتی لیژنەیەکی باڵای 11 کەسی لە ئۆرگانە جیاوازەکانی پێکهێناوە، بۆ ئەوەی سیڤیەکان بۆ پۆستە حکومیەکان وەربگرن و كاندیدى پۆسته‌كانیش دیاری بکەن، بڕیاریشە ئەمڕۆ ئەو لیژنەیە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی كۆببێته‌وه‌.


رەهبەر سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى نیسانى 2019) بە دواڕۆژی وت: "لیژنەیەک بۆ وەرگرتنی سیڤی کادرەکانی ناو حزب دەستنیشانکراوە، کە سیڤیەکان بۆ پۆستەکان هەڵدەسەنگێنن".

وتیشی: "دوای هەڵسەنگاندنی سیڤیەکان مەکتەبی سیاسی و دواتر سەرکردایەتی کەسەکان بۆ پۆستەکان یەکلایی دەکەنەوە".

رەهبەر سەید برایم، باسی لەوەشکرد: کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ناکەین تاوەکو رێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی واژۆنەکەین، بۆ ئەوەش چاوەڕێی پارتی دەکەین.

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆ پارتی رازی بووە بەوەی پۆستی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم دابنرێت لە پشکی یەکێتی، بەوهۆیەشەوە پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە رێککەوتن و لەئێستادا تەنها هەندێ پۆست ماوە پارتی لەگەڵ گۆڕان یەکلایی بکاتەوە و دواتر رێککەوتننامەکەیان لەگەڵ یەکێتی واژۆبکەن.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، وتی: "ئێمە لەگەڵ پارتی رێککەوتووین و هەموو پرسەکانمان یەکلایی کردۆتەوە و چاوەرێی واژۆکردنی رێککەوتنەکەین".

وتیشی: "دوای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ئێمە و پارتی پەرلەمان کۆدەبێتەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و دواتر کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رادەسپێردرێت بەوەی لە ماوەی مانگێک کابینەی نۆ پێکبهێنن".

هاوکات ئەندامێکی لیژنەکەی یەکێتی بۆ دەستنیشانکردنی پۆستەکان، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە دواڕۆژی وت: "لیژنەیەکی باڵای 11 کەسیمان پێکهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو سیڤیانەی بۆمان دێت لەلایەن کادرانمانەوە کە تائێستا زیاتر لە 300 سیڤیمان بەدەستگەشتووە".

ئاشکراشیکرد: لیژنەکەمان بە سەرۆکایەتی عومەر فەتاح-ە و بە ئەندامێتی هەریەک لە (بافڵ تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد، لاهور شێخ جەنگی، فەرید ئەسەسەرد، پەروین کاکەحەمە، عەدنان حەمەی مینا، د.خەسرەو گوڵ محەمەد، دلێر سەید مەجید، هاوڕێ سەنگاو و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ)ه‌.

باسی لەوەشکرد: ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو لیژنەیە لە مەکتەبی سیاسی کۆدەبینەوە، بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدەکانمان بۆ ئەو پۆستانەی لە کابینەی نۆ بەر یەکێتی دەکەوێت.

ئەوەشی خستەڕوو: دوای جیاکردنەوە و هەڵسەنگاندنی سیڤیەکان و دەستنیشانکردنی کەسەکان، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە دەدەن.

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ لەناو یەکێتی کۆدەنگی تەواو لەسەر کاندیدکردنی (قوباد تاڵەبانی) هەیە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت، جگەلەوەش هەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی (حاکم قادر، عیماد ئەحمەد، شۆڕش ئیسماعیل، شێخ جەعفەر و سەعدی پیرە) داوای وەرگرتنی پۆستیان کردووە.

بەپێی زابیارییەکانی دواڕۆژ هەریەک لە (عیماد ئەحمەد، حاکم قادر) داوای پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم دەکەن، هەریەک لە (رێواس فایەق، بێگەرد تاڵەبانی)ش دەیانەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرن.

هەر لەناو یەکێتی (دەرباز کۆسرەت رەسوڵ) دەیەوێت بکرێتە وەزیر و (جەبار یاوەر)یش بە رەسمی داوای پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەی کردووە، تائێستاش چەندین کەس داوای پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵایان کردووە، دەوترێت قوباد تاڵەبانی مەبەستیەتی (یوسف گۆران) بکاتەوە بە وەزیری ئەو وەزارەتە و پاڵپشتی دەکات.

یەکێتی شەش وەزارەت و سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی و جێگری سەرۆکی حکومەت و چەندین دەستەی لە کابینەی داهاتو و بەردەکەوێت.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure