نهێنى ژیانى ئه‌و دوو برا ده‌وڵه‌مه‌نده‌ى له‌ سریلانكا خۆیان ته‌قانده‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 24/04/2019‌ :: 4259‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


دووان له‌و زنجیره‌ هێرشه‌ تیرۆریستيانه‌ى شارى كۆڵۆمبۆى پایته‌ختى سریلانكای کردە ئامانج له‌لایه‌ن دوو براوه‌ ئەنجامدراوە كه‌ له‌ خێزانێكى ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و دواى ئه‌وه‌ش ژنى یه‌كێكیان خۆى ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و دوو منداڵى خۆشى كوشتووه‌.

 
كه‌ناڵى سكاى نیوز ئاشكرایكردووه‌ ئیلهام ئیبراهیم و ئینساف ئیبراهیم كه‌ برا بوون له‌ هه‌ردوو ئوتێلى شمگریلا و سینامۆن رێد خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ردانى ئه‌و دوو ئۆتێله‌یان كردووه‌ و به‌ر له‌ خۆته‌قاندانه‌وه‌ داواى خواردنیان كردووه‌ و یه‌كێكیان به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ى ساخته‌وه‌ چووەته‌ ئۆتێله‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وى تریان ناسنامه‌ى راسته‌قینه‌ى پێداون كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ پۆلیس ناسنامه‌كانى ئاشكراكردوون و هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كانیان.

ئه‌و دوو خۆكوژه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و كاریان له‌ بازرگانى به‌هاراتدا كردووه‌ و هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌. 

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانى سریلانكا ئاشكرایانكردووه‌ كه‌ كاتێك ناسنامه‌كانیان زانراوه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڵیانكوتاوه‌سه‌ر سه‌ر ماڵه‌كانیان، به‌ڵام ژنى یه‌كێكیان خۆى ته‌قاندووه‌ته‌وه، به‌هۆيه‌وه‌ جگه‌ له‌ كوژرانى سێ كارمه‌ندى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دووان له‌ منداڵه‌كانى خۆشی كوشتووه‌.

به‌پێى لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش ئه‌و دوو خۆكوژه‌ به‌ر له‌وه‌ى هێرشه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن به‌ هه‌ندێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خۆیان وتووه‌ كه‌ به‌نیازن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.

 دوێنێ سێشه‌ممه‌ 23ى نیسانى 2019 گروپى داعش به‌رپرسیارێتى خۆى له‌و هێرشانه‌دا راگه‌یاند كه‌ كرانه‌ سه‌ر سریلانكا و به‌هۆیه‌وه‌ 290 كه‌س كوژران و سه‌دانى تریش برینداربوون و  وێنه‌كانى ئه‌و دوو برا خۆكوژه‌شی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناوێكى جیاوازیان لێنرابوو له‌وه‌ى كه‌ هه‌یانه‌.

داڕشتنه‌وه‌: هـ.ق

بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure