زانیاری دەربارەی روخاندنى چایخانه‌ى شه‌عب له‌سلێمانى

هەواڵ / که‌لتور :: 24/04/2019‌ :: 1403‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

هه‌وڵى روخاندنى چایخانه‌ى شه‌عب و گۆڕینى بۆ ته‌لارى بازرگانى له‌ سلێمانى ره‌تده‌كرێته‌وه‌، سه‌رپه‌رشتیارى چایخانه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "هه‌رگیز رێگه‌ ناده‌ین تێكبدرێت، چونكه‌ مه‌ڵبه‌ندى رۆشنبیرى شاره‌كه‌یه‌".


عومه‌ر شه‌ریف، وه‌ستا و سه‌رپه‌رشتیارى چایخانه‌ى شه‌عب، به‌ دواڕۆژى وت: "ساڵانێكى زۆره‌ هه‌وڵده‌درێت چایخانه‌ى شه‌عب بكرێت به‌ شوێنێكى بازرگانى، به‌ڵام ئێمه‌ ره‌تمانكردووەته‌وه‌ و وتومانه‌ ئێره‌ مه‌ڵبه‌ندێكى رۆشنبیرى سلێمانییه‌ و ناكرێت تێكبدرێت". 

وتیشى: "ئێمه‌ له‌دواى نه‌مانى باوكم شه‌ش برا چایخانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین و نه‌مانهێشتووه‌ له‌ناوبچێت و به‌رده‌وامیمان پێداوه‌، چونكه‌ شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌دیبان و رۆشنبیران و سیاسییه‌كانه‌ و له‌ هه‌موو عێراقەوە رووى تێده‌كه‌ن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "به‌هۆى هه‌وڵى روخاندنى چایخانه‌ى شه‌عبه‌وه‌ له‌ ساڵانى رابردوودا، په‌یوه‌ندیمان به‌ هێرۆ خان-ەوە كرد و ئه‌ویش هه‌وڵیدا و چایخانه‌كه‌ به‌ موڵكیى خرایه‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى سلێمانى".

باسى له‌وه‌شكرد: له‌ ئێستاشدا له‌ چه‌ند راگه‌یاندنێك روخاندنى چایخانه‌كه‌ و گۆڕینى به‌ ته‌لارى بازرگانى بڵاوبووەته‌وه‌، به‌ڵام دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌و شاره‌وانیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێمه‌ى ئاگادار نه‌كردۆته‌وه‌ و به‌ هه‌وڵى دڵسۆزانى شار هه‌رگیز رێگه‌ ناده‌ین ئه‌م چایخانه‌یه‌ كه‌ مه‌ڵبه‌ندى رۆشنبیرى شاره‌كه‌یه‌ تێكبدرێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: چایخانه‌ى شه‌عب بژێوى زیاتر له‌ شه‌ش خێزانى له‌سه‌ره‌ و ئه‌دیبان و نووسه‌ران و رۆشنبیران و سیاسییه‌كان به‌ هى خۆیانى ده‌زانن.

چایخانه‌ى شه‌عب له‌ ساڵى 1950 له‌سه‌ر ده‌ستى وه‌ستا شه‌ریفى چایچى دامه‌زراوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ شوێنێكى بچوك بووه‌ و له‌و سه‌رده‌مه‌شدا سیاسییه‌كان و نووسه‌ران و شاعیرانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ روویان تێكردووه‌.

له‌ ساڵى (1981)یشه‌وه‌ كوڕه‌كانى وه‌ستا شه‌ریف چایخانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و تائێستاش به‌رده‌وام نووسه‌ران و رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و سیاسییه‌كان رووى تێده‌كه‌ن.

پ: چ. ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure