مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دوابڕیار ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 3276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ (سبه‌ى پێنجه‌شممه‌ 25ی نیسانی 2019) مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى دوابڕیار له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتیى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بدات.


له‌ دواى ئه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕازیبوو له‌سه‌ر دانانى جێگرێكى دیكه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان پێشنیوه‌ڕۆى سبه‌ى به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى كۆده‌بێته‌وه‌ و ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنى پارتى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتیى و هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت و ئاماده‌كارى بۆ چۆنیه‌تى واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان.

مەحمود محه‌مه‌د، وتەبێژى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى بۆ دواڕۆژ، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ بارودۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و دواین قۆناغى پێكهێنانى حكومه‌ت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ هیچ به‌ربه‌ستێكى له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌و له‌ڕۆژانى داهاتوودا رێكاره‌ یاسایى و ئیدارییه‌كان به‌ره‌و كۆتایى ده‌چن.

لاى خۆیه‌وه‌ هێمن هه‌ورامى،  جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان له‌ دواى به‌شداریكردن له‌ رێوڕه‌سمى ساڵیادى له‌دایكبوونى شاژنى بریتانیا له‌ هه‌ولێر، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا به‌ میدیاكانى راگه‌یاند: لە زووترین کاتدا پەرلەمان پرۆژەیاساکە پەسەند دەکات و کارەکانی کابینەی نۆیەم دەستپێدەکات.

زیاتر له‌ 205 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى 2018دا تێپه‌رده‌بێت، تاوه‌كو ئێستا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنى كۆتایى.

پ: چ. ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure