"وه‌زاره‌تی دارایی به‌شێك له‌ چوار مووچه‌كه‌ی به‌غدای داوەتە به‌ڵێنده‌ر و كۆمپانیاكان"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 26568‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ

په‌رله‌مانتارێكی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌غدا مووچه‌ی ته‌واوی چوار مانگی سه‌ره‌تای 2019ی هه‌رێمی كوردستانی ناردووه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا دابه‌شی نه‌كردووه‌ و به‌شێكی لێداوه‌ته‌ كۆمپانیاكان و به‌ڵێنده‌ران.

ئێستا كه‌ له‌ مانگی ئایاری 2019 نزیكده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا مووچه‌ی مانگی 1ی 2019ی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شنه‌كراوه‌ و مووچه‌خۆران له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ گومانیان لادروستبووه‌ كه‌ هه‌رێم ئه‌و پاره‌یه‌ی شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌غدا ناردوویه‌تی و ئاماده‌نییه‌ بیداته‌ فه‌رمانبه‌ران.

له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بەغدا بۆ مانگی 1 و 2ی 2019 بڕی 317 ملیار دیناری ناردوە بۆ ھەرێم و بەوەش مووچەی مانگی 10 و 11ی 2018ی پێدراوە بە سیستمی پاشەكەوت و لە مانگی 3ی 2019دا به‌غدا بڕی 453 ملیار دیناری ناردووه‌ كە موچەی بێ پاشه‌كه‌وتی مانگی 12ی 2018ی پێدابه‌شكراوه‌ كە بۆ دابەشکردنی ئەو مووچەیەش پێویستی بە 881 ملیار دیناری مانگانەیە".

وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: بڕی 200 ملیار دینار بۆ تەواوكاریی مانگی 1 و 2 ھاتووە كە بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەرماڵە و جیاوازی مووچەی موچەخۆران بەكارھاتووە و بە ھیچ شێوەیەك بۆ ھیچ بابەتێكی تر بەكارنەھاتووە و تەواوی ئەو قسە و ھەواڵە ناڕاستانە رەتدەكەینەوە و ھیچ بنەمایەكی نییە.

دواتر فوئاد حسێن، وه‌زیری دارایی عێراق رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: مووچه‌ی ته‌واوی چوار مانگی 2019ی هه‌رێمیان ناردووه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "قسه‌ی د.فوئاد حسێن راسته‌ كه‌ ده‌ڵێت مووچه‌ی چوار مانگی ته‌واوی 2019م ناردووه‌".

وتیشی: "به‌غدا مانگی 1ی ئەمساڵ، 317 ملیار دینار و مانگی شوباتیش، 317 ملیار دینار و مانگی ئازاریش 724 ملیار دیناری بۆ هه‌رێم ناردووه‌، له‌و 724 ملیار دیناره‌ی مانگی ئازار، 522 ملیار دیناری بۆ هه‌مان مانگی 3 بووه‌، ئه‌وه‌ی تری ته‌واوكارى مانگی 1 و 2 بووه‌.

باسی له‌وه‌شكرد: كه‌واتە بۆ هه‌رسێ مانگی سه‌ره‌تای 2019، به‌غدا مانگانه‌ 522 ملیار دیناری بۆ هه‌رێم ناردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێت له‌ ورده‌كارییه‌كه‌ی بكۆڵێته‌وه‌.

وتیشی: "بڕێك له‌و پارانه‌ی به‌غدا ناردوویه‌تی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، حكومه‌تی هه‌رێم 100 ملیار دیناری لێداوه‌ته‌ به‌ڵێنده‌ران و هه‌ندێكیشیانی داوه‌ته‌ قه‌رزی كۆمپانیاكان".

رونیشیكرده‌وه‌: كه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ به‌غداوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بێینه‌ ده‌نگ، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ به‌غدا به‌ته‌واویی بیبڕێت، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ستمان وه‌رنه‌داوه‌ته‌ ورده‌كارییه‌كه‌ی.

له‌باره‌ى دواكه‌وتنی مووچه‌ی مانگی رابردوو، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: حكومەت مانگانە لە 5ی مانگەوە مووچەی دابەشكردوە و ئەم مانگە ئەو رۆژە كەوتە ھەینییەوە، بۆیه‌ دوو رۆژ دواكەوت.

مانگی رابردوو وه‌زاره‌تی دارایی باسی له‌وه‌كرد: كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی سیوله‌وه‌ مووچه‌ی هه‌ندێك وه‌زاره‌ت دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م مانگه‌ کێشەی سیولە له‌ بانكه‌كاندا نابێت، بەهۆی  ئەوەی تاوەکو 5ی  مانگی ئایار، وه‌زاره‌تی سامانە سروشتییەکان 378 ملیار بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌نێرێت.

راپۆرتی: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure