هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا ئاشکرادەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 7631‌ جار بینراوە

تاگ :: کارەبا

دواڕۆژ، زریان محەمەد

چەند رۆژێکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان بۆ 12 کاتژمێر کەمبووەتەوە، وتەبێژی کارەباش هۆکارەکەی بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما دەگەڕێنێتەوە.


سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لەئێستادا پێدانی کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتیان 12 کاتژمێرە، لەکاتێکدا لەپێش ھاتنی ئەم شەپۆلی سەرمایە 20 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بەھاووڵاتیان دراوە.

وتیشی: "پێدانی کارەبا بەپێی خواست دەتوانین زیادی بکەین، لەئێستادا بەھۆی ساردی کەشوھەواوە خواست لەسەر کارەبا زۆر زیادیکردووە، بۆیە دەتوانین 12 کاتژمێر بدەین بە ھاووڵاتیان، لەگەڵ مۆلیدە ئەھلییەکان کاتەکانی نەبوونی کارەبا پڕدەکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە پێشبینی دەکەین لەچەند ڕۆژی داھاتوودا کاتێک کەشوھەوا بەرەو باشبوون دەڕوات پێدانی کارەبا زیاد بێت و بگاتە 20 کاتژمێر، چونکە بەکارھێنانی ئامێری گەرمکەرەوەو ساردکەرەوە بەکارنایەت کە کارەبای زۆری دەوێت، بۆیە خواست لەسەر کارەبا کەم دەبێت و دەتوانین کارەبای بەردەوام بدەین بە ھاووڵاتیان.

لە ئێستادا لەھەرێمی کوردستاندا توانای بەرھەمھێنانی کارەبا 3100 بۆ 3150 مێگاواتە.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure