ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ كێشه‌ى بۆ دروست ده‌بێت

هەواڵ / ئابوری :: 23/04/2019‌ :: 14583‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

په‌رله‌مانتارێكى عێراقى رایده‌گه‌یه‌نێت: هەریەك لە سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان ده‌داته‌ دادگا و دەشڵێت: پێویستە بزانین چۆن هه‌موو ئەو پارەیە خەرجكراوە له‌كاتێكدا هه‌رێم نه‌وتى راده‌ستنه‌كردووه‌.


سایتى (سۆمه‌ریه‌نیوز) له‌سه‌ر زارى هودا سەجاد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی نەسڕ (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23ى نیسانى 2019) رایگه‌یاند: وەزارەتی دارایی شایستەی دارایی سێ‌ مانگی تا 31ی ئازارى رادەستی هەرێم كردووە، له‌كاتێكدا هەرێمی كوردستان ته‌نانه‌ت قه‌تره‌یه‌ك نه‌وت نه‌ك بەرمیلێكى راده‌ستى حكومەت و وەزارەتی نەوت نه‌كردووه‌.

وتیشى: "ئه‌وه‌ یان لاوازی لیژنەی داراییە یان لاوازی حكومەتی فیدڕاڵییە، كاتێكیش له‌ وه‌زیرى دارایى ده‌پرسین ده‌رباره‌ى ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ڕوونى ده‌ڵێت كه‌ ئه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنه‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت دایه‌".

هودا ئه‌وه‌شى وت: "بەنیازم داوایەكی یاسایى لەسەر سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی تۆماربكه‌م، چونكه‌ پێویستە بزانین چۆن هه‌موو ئەو پارەیە خەرجكراوە بەبێ‌ ئەوەی داهاتمان لە نەوتی هەرێم دەستبكەوێت".

ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى، سەرۆك وەزیران لەگەڵ هەرێم رێككەوتووە پێویستە رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ هەمووان ئاشكرابكرێت، بۆچی شاردراوەتەوە؟

لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019  بڕی 522 ملیار دینار دیاریكراوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە مووچەی پێشمەرگەشەوە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دوپاتیشیده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستى بوونى چه‌ند مادده‌یه‌ك له‌ یاساى بودجه‌ به‌جۆرێك "رێگه‌بگرێت له‌ خه‌رجكردنى ته‌نها دینارێك بۆ هه‌رێم به‌بێ راده‌ستكردنى نه‌وته‌كه‌ى له‌ به‌رامبه‌ریدا".

پێشتر ماجد شنگالی، ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنی پارتی رایگه‌یاند: ئەوەی حكومەتی عێراق بۆ هه‌رێمى دەنێرێت لە چوارچێوەی مووچەی فەرمانبەراندایە و به‌پێى یاساى بودجه‌ هیچ پەیوەندییەكی بە هەناردەی نەوتەوە نییە.

دوێنێ‌-ش فوئاد حسێن، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند: به‌غدا مووچەی چوار مانگی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ناردووە و پابەندیشە بە ناردنی مووچە لەكاتی خۆیدا.

رۆژی 24ی كانونى دووه‌مى رابردوو په‌رله‌مانى عێراق بە ئامادەبونی 287 پەرلەمانتار یاسای بودجەی فیدراڵیی 2019ی پەسەندكرد كە بڕەكەی 133 تریلیۆن دینارە و دەكاتە 112 ملیار دۆلار، دواتریش له‌ 4ى شوبات له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق په‌سه‌ندكرا.

یاسای بودجەی 2019 لە 52 ماددە پێكهاتووە، ماددەی 10 تایبەتە بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان. 

بەپێی ئەو مادەیە حكومەتی فیدراڵ مانگانە 454 ملیار دیناری موچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دینارى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات. 

بەپێی ماددەكە حكومەتی عێراق پابەندكراوە بە ناردنی موچە لەكاتێكدا ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندنەبێت بە رادەستكردنی مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure