چین لەڕێگەیەكی جیاوازەوە كە كوردستانیشی تێدایە كاڵاكانی دەگەیەنێتە وڵاتانی دیكە

هەواڵ / ئابوری :: 24/04/2019‌ :: 294‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

رێگه‌ی ئاوریشمی نوێ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ ژێرخانییه‌ زه‌به‌لاحه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن چینه‌وه‌ په‌ره‌ی پێدراوه‌و مه‌به‌ست لێی خێراكردنی گه‌یاندنی كاڵای چینه‌ بۆ بازاڕه‌كانی خۆرئاوای ئه‌و وڵاته، کە رێگه‌یە به‌ كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت. 


پێشتر له‌ سه‌رده‌می ئیمپراتۆریی رۆماندا رێگه‌ی ئاوریشمێك هه‌بوو كه‌ چینی به‌و ئیمپراتۆرییه‌ ده‌گه‌یاند، به‌ڵام دوای زیاتر له‌ دوو هه‌زار ساڵ، له‌ ساڵی 2013دا چین نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌م رێگه‌یه‌ی راگه‌یاند, بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ به‌ دراوسێكانی له‌ خۆرئاوای وڵاته‌كه‌ی، ئاسیای ناوه‌ڕاست، خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپاوه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، هەر بۆیە پرۆژه‌ی رێگه‌ی ئاوریشمی نوێ به‌ پرۆژه‌ی پشتێنه‌ و رێگه‌ش ناوده‌برێت.

پرۆژه‌كه‌ له‌ ساڵی 2015دا راگه‌یه‌نراوه‌و رێگه‌ی زه‌مینی و ده‌ریایی له‌خۆده‌گرێت، ژێرخانه‌كه‌ 8 تریلیۆن دۆلاری تێده‌چێت كه‌ به‌ 68 وڵاتدا تێده‌په‌ڕێت. 
ئه‌و 68 وڵاته‌ 65%ی دانیشتوانی جیهان پێكده‌هێنن و بودجه‌كه‌شی به‌قه‌د تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی دوو له‌سه‌ر سێی جیهانه‌، هه‌روه‌ها به‌ 62%ی وزه‌ی جیهاندا تێده‌په‌ڕێت. 

جگه‌ له‌و وڵاتانه‌ش كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر رێگه‌كه‌، چه‌ندین وڵاتی تر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ وه‌ك وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین.
ئه‌م پرۆژه‌یه‌ چوار ده‌ریا و ده‌روازه‌ی ئاویی پێكده‌هێنێت كه‌ وا ده‌كات چین بتوانێت ده‌ستی پێیان بگات كه‌ بریتین له‌ ده‌ریای قه‌زوین، كه‌نداو، ده‌ریای سوور و ده‌ریای ره‌ش و ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌مدواییه‌ ره‌خنه‌یه‌كی زۆر رووبه‌ڕووی چین ده‌كرێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ وه‌كو ته‌ڵه‌یه‌كی قه‌رز وایه‌ و وڵاتانی به‌شدار كه‌ توانای دروستكردنی ژێرخانه‌كه‌یان نییه‌، ناچار ده‌بن قه‌رز له‌ چین وه‌ربگرن و پاشان چین به‌رامبه‌ر به‌و قه‌رزه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ئابووری و سیاسی و سه‌ربازییاندا ده‌كات، ئه‌م تۆمه‌ته‌ش چه‌ندینجار له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی چینه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ رێگه‌ی ئاوریشمی نوێ به‌ كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت له‌ ئێران و عێراق و سوریا و توركیادا. ئه‌مه‌ش ده‌توانێت ببێته‌ ده‌رفه‌تێكی ئابووریی گه‌وره‌ بۆ ناوچه‌كه‌ و هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت. 

ئا: س ر
پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure