سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنبوونی كۆمەڵ رونکردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 320‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت: بۆ بەشداربوون لە حكومەتی نوێی هەرێم یان ئۆپۆزسیۆنبوون دەبێت سەركردایەتی حیزبەكەیان كۆببێتەوە، چونكە هەندێکجار رەنگە ئەمیری حیزبەكەیان هەڵوێستی سەبارەت بەپرسێك هەبووبێت، بەڵام سەركردایەتی بۆچوونی جیاوازی هەبووە و ئەمیرەكەشیان پێوەی پابەند بووە.


(دوێنێ 22ی نیسانی 2019) لە شاری سلێمانی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆنبوونی حیزبەكەیانی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ئاشكراكرد و رایگەیاند: ئەم حكومەتە بەشایستەی ئەوە نازانێت بەشداری تێدا بكەن.

فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: "مامۆستا عەلی باپیر بەڕوونی رایگەیاندوە كە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونمان رای خۆیەتی و هێشتا حیزب بڕیاری نەداوە، چونكە لەناو كۆمەڵ بڕیارەكان بەڕاوێژ دەدرێن و رای زۆرینە قبوڵدەكرێت".

ناوبراو روونیكردەوە: تەنیا لەحاڵەتی یەكسانبوونی دەنگەكاندا، ئەو لایەنە دەنگەكەی دەخوات كە ئەمیری حیزبەكەیان لەگەڵیدایە، ئەگەرنا كاتێك دێتە سەر دەنگ، دەنگی ئەمیری كۆمەڵیش وەكو دەنگی هەر ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتییە و هەر یەك دەنگە.

سەبارەت بەوەی ئەوەندەی بزانن رای زۆرینەی كۆمەڵ چییە بۆ بەشداربوون لەحكومەت یان ئۆپۆزسیۆنبوون؟ فاروق عەلی روونیكردەوە: "رای جیاواز هەیە، چونكە تائێستا كۆبوونەوەمان نەكردوە، لەڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە بەشداربوونمان لەحكومەت هەڵدەسەنگێنرێت كە رەنگە بتوانین خزمەتی زیاتر بكەین، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە هەندێكمان پێمانوایە كەمتر دەتوانرێت لەسایەی ئەم بیر و فیكرەی ئیدارەی حكومەتی بەدەستە مەحاڵە بتوانرێت چاكسازی بكرێت، هەندێكیش پێیوایە بە بەشداربوون و نەبوون لەحكومەت بەرپرسین لەو كابینەیە".

كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی 7 كورسییە لەپەرلەمانی كوردستان، تائێستا تەنیا دوو كۆبوونەوەی سیاسییان لەگەڵ پارتی كردووە، بەڵام هیچ شاندێكی پارتی بۆ مەبەستی بەشداریكردن لەحكومەت سەردانی نەكردوون.

پ: چ.ع

 بڵاوکردنەوە:هـ.ق

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure