سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان: كه‌ناڵه‌كان خه‌ڵك هۆشیار ناكه‌نه‌وه‌ و بۆ كات كوشتن ته‌ماشای ده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/04/2019‌ :: 261‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: لەدۆخی رۆژنامەنووسی سلێمانی رازی نییە، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانیش ئاماژە بەوە دەكات: كه‌ناڵه‌كان ئەركی میدیایی خۆیانیان ئەنجام نەداوە و فیدباك لای بینەر دروست ناكەن.


ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2019،له‌ 121 ساڵه‌ی یادی رۆژنامەگەریی كوردیدا، لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەهۆڵی سینەمای مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەكە، مەراسیمێكیان سازكرد.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بەدواڕۆژی وت :"بەهیچ شێوەیەك له‌ دۆخی رۆژنامه‌نوسی سنوری سلێمانی رازی نیم، چونكە كۆمەڵێك بنەما هەیە لەڕۆژنامەگەریدا كە ئەزمونگەریی و لایەنی زانستی و ئیتیكی رۆژنامەگەریی و پڕۆفیشناڵییە و گەڕانە بەدوای راستییەكان و بێلایەنی و وردییە، بەشێكی زۆری ئەو بنەمایانە ونكراون و هەموویان خراونەتە ناو ململانێی حیزبی و ململانێی كەناڵەكان، دواجار خەڵك و كۆمەڵگە زەرەرمەندن".

بەپێی ئاماری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كە دراوەتە دواڕۆژ، لە هەرێمی كوردستان هەزار و 250 كەناڵی میدیایی رێپێدراو هەیە، كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو كەناڵە هەیە، بەڵام ئایا پەیامەكەیان یەكسانە بەو پەیامەی كاتی خۆی رادیۆیەك لەشاخ دەیكرد؟ بێگومان نەخێر، لەبەرئەوەی پەیامی ئێستا پچڕپچڕ و قرتاو قرتاو دەگاتە دەستی وەرگر.

ناوبراو وتی: "ئەو كەناڵانە راستە جوانن، بەڵام بەئەركی میدیایی خۆیانیان ئەنجام نەداوە واتا بینەریان هەیە، بەڵام فیدباك لای بینەر دروست ناكەن، خەڵك بۆ كات كوشتن سەیری كەناڵەكان دەكەن، بۆ هۆشیاركردنەوەی سەیریان ناكەن".

لەهەرێمی كوردستان دوو یاسای تایبەت بەرۆژنامەگەریی هەیە، یەكەمیان یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 بەناوی یاسای رۆژنامەگەریی، دووەمیش یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013 بەناوی یاسای بەدەستهێنانی مافی زانیاری. 

كاروان ئەنوەر ئاماژەی بەو دوو یاسایە كرد و وتی: "دوو یاسای زۆر باشمان هەیە و لەوڵاتە ئەوروپییەكانیش وایە، بەڵام كێشە لەجێبەجێكردنیانە، لەدادگاكان بەداخەوە بەیاسای سزادانی عێراقی كار دەكرێت، لەهەندێك فەرمانگەش تەبا نین بۆ پێدانی زانیاری".

بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسانی كوردستان كە بەدواڕۆژ دراوە، تەنیا لەسەرەتای ئەمساڵه‌وه‌ تائێستا 28 پێشێلكاری بەرامبەر 25 رۆژنامەنووس و كەناڵی میدیایی كراوە، لەوانەش (13 رێگریی، هێرش و لێدان 4، دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا 9، داخستنی نووسینگەی كەناڵ 1، سوتاندنی ئۆتۆمبێلی رۆژنامەنووس 1).

لەوبارەیەوە كاروان ئەنوەر جەختیكردەوە: هەركاتێك دۆخی سیاسی لەهەڵچووندا بێت پێشێلكاری لەزیادبووندایە، دۆخیش ئارام بێت پێشێلكاری كەمترە.

هاوكات هانا شوان، رۆژنامەنووسی بواری ژنان بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی، بەشێكی زۆری كەناڵەكان داخران و رووبەڕووی قەیرانی دارایی و كەمكردنەوەی ستاف بوونەوە، ئەوەش لەسەر حسابی ژنان بوو، بۆیە ژنان چانسی وەرگرتنیان لەكەناڵەكان كەمترە و چانسی زوو دەركردنیشیان زیاترە.

وەكو هانا باسیكرد: لەشوێنە هەستیارەكانی كەناڵەكانیش وەكو لایەنی هونەری زۆر بەكەمی ژنان وەردەگیرێن، ئەگەریش وەربگیرێن رووكەشە یان كاریگەری لەسەر سیاسەتی میدیاكە نییە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure