پیاوێك له‌یادی رۆژنامه‌گه‌ریدا هاوسه‌رگیری كردووه‌و هه‌ردوو منداڵه‌كه‌شی له‌ویاده‌دا له‌دایكبوون

هەواڵ / کوردستان :: 22/04/2019‌ :: 283‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پیاوێك كه‌ چالاكوانی بواری مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نوسیشه‌، لەیەك به‌رواردا كه‌ 22ی نیسانه‌ (یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی) هاوسه‌رگیری كردووه‌و هه‌ر له‌و به‌رواره‌شدا دوو كوڕی له‌دایكبوون.

ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2019، یادی رۆژنامەگەریی كوردی بوو، بەڵام ئەو رۆژە بۆ ئاوات محەمەدی چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامه‌نوس جیاوازترە، لەبەرئەوەی یادی هاوسەرگیری و لەدایكبوونی دوو كوڕەکەیەتی.

ئاوات محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ كە یەكێكە لە چالاكوانە مەدەنییەكان كە پێدەنێتە تەمەنی 55 ساڵییەوه‌، له‌ یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "رۆژی 22ی نیسانی 1993 هاوسەرگیریم كردووە، هێڤاری كوڕه‌ گه‌وره‌م هه‌ر لە 22ی نیسانی 1994 لەدایكبووەو رۆژی 22ی نیسانی 2001یش رێنواری كوڕە بچووكم لەدایكبووە".

ئاوات دەڵێت: "ئەو رێككەوتانە پلان بۆ دانراو نەبوون، بەڵكو هەر بەڕێكەوت بوون، بۆ رۆژی هاوسەرگیرییەكە بەرنامەم نەبوو لەو رۆژەدا بێت، بەڵام كە ئیدی كەوتینە مەراسیمەكەوەو هاوڕێیه‌كی رۆژنامەنووسم پێیوتم دەزانیت ئەمڕۆ چ رۆژێكە؟، وتم بەڵێ 22ی نیسانە، پاشان بیرم كەوتەوە كە یادی رۆژنامەگەریی كوردییە".

ناوبراو هەموو ساڵێك ئەو یادە دەكاتەوە و دیاریش پێشكەشی هاوسەر و منداڵەكانی دەكات، ئەمڕۆش لەئۆفیسی رێكخراوەكەیان یادی لەدایكبوونی هێڤاری كردەوەو  ئێوارەش بۆنه‌یه‌ك بۆ رێنواری كوڕه‌ بچووكی سازده‌كات.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure