كۆمه‌ڵ له‌باره‌ى به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت بڕیاری كۆتاییدا

هەواڵ / کوردستان :: 22/04/2019‌ :: 1867‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌میرى كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند: حیزبه‌كه‌یان به‌شدارى له‌ كابینه‌ى داهاتووی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستاندا ناكات.


دواى نیوه‌ڕۆى (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ى نیسانى 2019) میدیاى فه‌رمى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان له‌ زارى عه‌لى باپیر ئه‌میرى ئه‌و حیزبه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ حیزبه‌كه‌یان به‌شدارى له‌ كابینه‌ى داهاتووی حكومه‌تى هه‌رێم ناكات.

عه‌لى باپیر راشیگه‌یاندووه‌"كابینه‌ی نوێ به‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ نازانم كۆمه‌ڵ تێیدا به‌شداربێت، چونكه‌ چێشتی فره‌ خۆش له‌ به‌ره‌وه‌ دیاره‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: دواكه‌وتنی حكومه‌ت له‌به‌ر پله‌و پۆسته‌ نه‌ك خه‌می هاووڵاتییان و چاكسازیی.

پێشتر دواڕۆژ له‌سه‌ر زارى ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دانوستانكارى پارتى دیموكراتى كوردستان بڵاویكردبووه‌وه‌ كه‌ پارتى له‌ كابینه‌ى نوێ به‌شدارى به‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى ناكات.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ پۆستێكى وەزارى و سه‌رۆك ده‌سته‌یه‌ك و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى به‌شدارى له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم كردبوو، به‌ڵام له‌ 20ى كانوونى یه‌كه‌مى 2017 له‌ حكومه‌ت كشایه‌وه‌.

دواى كشانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵ له‌ حكومه‌ت، یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌نێوان كۆمه‌ڵ و پارتى ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام باسى به‌شدارى كۆمه‌ڵ له‌ كابینه‌ى نوێ نه‌كراوه‌.

پێشتر شوان رابه‌ر، بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى شوراى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاندبوو: كه‌ پێیانباشه‌ پارتى سه‌ردانى تایبه‌تیان بكات و به‌ جددى داوایان لێبكات به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بكه‌ن.

داواكه‌ى كۆمه‌ڵ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ رێككه‌وتنى كۆتایى و داواى له‌ سۆسیالیست و شیوعى-یش كردووه‌ به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نوێ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ى له‌ كۆمه‌ڵ نه‌كردووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure