ژنێك دواى 20 ساڵ دابڕان له‌ خوێندن، پێش کچەکەی ئاهەنگی دەرچوونی ئه‌نجامدا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 10804‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

ژنێکی دانیشتووی قەزای چۆمانی دەڤەری باڵەکایەتی دوای 20 ساڵ وازهێنان لە خوێندن و هاوسەرگیری و دایکایەتی، دواجار له‌ ساڵی 2010 گەڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خوێندن و ساڵی 2019 پێش کچەکەی کە ئێستا لە قۆناغی یەکەمی زانكۆیه‌، ئاهەنگی دەرچوونی ئەنجامدا.


سەبیحە محەمەد ئیسماعیل لەدایکبووی ساڵی 1977 كه‌ خاوەنی دوو کوڕ و کچێکه‌ و یەکێک لە کوڕەکانی ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە، توانیویه‌تی لە پاڵ کار و سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانی، خوێندنیش تەواو بکات.

سەبیحە لەبارەی چیرۆکی ته‌واوكردنی خوێندنەکەی، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "لە ساڵی 1991 لە پۆلی یەکی ناوه‌ندی بەهۆی جێهێشتن و کۆڕەوەکەوه‌ وازم لە خوێندن هێنا و دواتریش هاوسەرگیریم کرد، بەڵام هەمووکات بیرم لای خوێندنەکەم بوو و دەمویست بەهەر جۆرێک بێت خوێندنەکەم تەواو بکەم".

ده‌گێڕێته‌وه‌: دوای ئەوەی هاوسەرەکەم لە سەرەتای ساڵانی 2000دا بە رووداوی هاتووچۆ کۆچی دوایی کردووه‌، ئەرکم زۆر قورس بوو، چونکە خاوەنی سێ منداڵ بووم و ئەوکاتیش مناڵەکانم بچوک بوون، دەبوو کار بکەم و مناڵەکانیشم پەروەردە بکەم، بۆیە تا ساڵی 2010 سەرپەرشتی منداڵەکانم کرد تا گەورە بوون و منیش دامەزرام وەک فەرمانبەری حکومەت، دواتر بڕیارمدا دەستبکەمەوە بە خوێندن لە خوێندنگای ئێواران".

"خوێندن و کار و سەرپەرشتی منداڵ و ماڵەوە ئەرکی قورس بوون بۆم، بۆیە پۆلی هەشت و نۆم بە تاقیکردنەوەی دەرەكی ئەنجامدا و سەرکەوتوو بووم، دواتریش پۆلی 10 و 11 و 12م لە خوێندنگایەکی ئێوارانی قەزای چۆمان تەواوکرد، دوای دەرچوونی نمرەی پۆلی 12، لەپەیمانگای تەکنیکی چۆمان لەبەشی کارگێڕی کار وەرگیرام و هەم ده‌وامی فەرمانبەریم دەکرد و هەمیش دەمخوێند"، سەبیحە به‌وشێوه‌یه‌ باسی ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی کرد.

له‌باره‌ى چیرۆکی خوێندنی کچەکەی، سه‌بیحه‌ باس لەوەدەکات: کچەکەی دوای تەواوکردنی پۆلی 12 بە کۆنمرەی 74، له‌ قۆناغی یه‌كه‌می بەشی زانستیی لە پەیمانگای پزیشکی وه‌رگیرا، ئه‌وكات منیش لە قۆناغی دووه‌می پەیمانگای تەکنیکی چۆمان بووم، بۆیه‌ پێش ئه‌و خوێندنم ته‌واوكرد.

ده‌ڵێت: "دوای هەوڵ و ماندووبوونی زۆر دوینێ (یەکشەممە 21 نیسانی 2019) دوای ماندووبوونێكی زۆر، ئاهەنگی دەرچوونم لە بەشی کارگێڕی کاردا ئەنجامدا".

ئه‌و ژنه‌ كه‌ ئێستا نه‌نكه‌ و پەیمانگای ته‌واوكردووه‌، سوپاسی دوو کوڕەکه‌ی و کچەکەی ده‌كات كه‌ لەپاڵ خوێندن و کاری خۆیاندا، هەمیشە هاوکار و هاندەری بوون بەردەوام بێت لە خوێندن، ده‌ڵێت: "مامۆستایان و راگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان ئەو دەرفەتەیان بۆ رەخساندم بگەم بە ئاواتەکەم، زۆر سوپاسم هه‌یه‌ بۆیان".

شاهۆ یونس کوڕی سه‌بیحه‌، بە دەم پێکەنین و خەندەوه‌ بەشداری ئاهەنگی دەرچوونی دایكی کردووه‌ و بۆ دواڕۆژ وتی: "سوپاسی دایکم دەکەم کە وەک دایک و وەک باوک بوو بۆمان و ئەوەی ئەمڕۆ بەچاوی خۆم دەیبینم ئێجگار خۆشحاڵم ده‌كات کە دایکم بەو تەمەن و ماندووبونەوە توانی بەردەوام و سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ خوێندن". 

پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان لە ساڵی 2010 دامەزراوە و تا ئێستا سەدان کەسی دابڕاو لە خوێندن، دواى ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی خوێندن لەو پەیمانگایە بڕوانامەیان بەدەستهێناوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure