سامان فەوزی: میدیای کوردی بۆ گه‌یشتن به‌ پڕۆفیشناڵیى زۆرى ماوه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 22/04/2019‌ :: 338‌ جار بینراوە
سامان فه‌وزى مامۆستاى زانكۆ

دواڕۆژ، سامان قوبادى

له‌ یادى رۆژنامه‌گه‌ریى كوردی-دا، دكتۆر سامان فه‌وزى مامۆستاى زانكۆ، پێیوایه‌ پێویسته‌ مێژووى یادى رۆژنامه‌گه‌ریى كوردى له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانه‌وه‌ راستبكرێته‌وه‌، ده‌ڵێت: "راگه‌یه‌ندنى كوردى ته‌نیا له‌ڕووى ته‌كنیك و هونه‌رییه‌وه‌ پێشكه‌وتووه‌، بۆ گه‌یشتن به‌ پڕۆفیشناڵى هێشتا زۆرى ماوه‌".

دواڕۆژ: پاش تێپه‌ڕبوونى 121 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونى یه‌كه‌م رۆژنامه‌ى كوردى-دا، ئه‌داى كارى رۆژنامه‌وانى چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
سامان فه‌وزى:
له‌ڕووى هونه‌ریی و ته‌كنیكییه‌وه‌ پێشكه‌وتنێكى باشى به‌خۆوه‌بینیوه‌، جگه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌سه‌ر خه‌ڵك، به‌ جۆرێك كه‌سانێكى زۆر كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی میدیا. له‌ڕووى گه‌یشتن به‌ پڕۆفیشناڵى هێشتا زۆرى ماوه‌، به‌ڵكو زۆربه‌یان له‌ ژێر هه‌ژموونى حیزبه‌كاندان و لایه‌نگریى سیاسییان پێوه‌ دیاره‌، بۆیه‌ له‌ڕووى ته‌كنیكه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستى وڵاتانى دراوسێ، به‌ڵام له‌ پابه‌ندبوون به‌ بنه‌ماكانى ئه‌خلاقى كارى میدیایى و پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى یاسای رۆژنامه‌نووسى، له‌ قه‌یراندایه‌.

دواڕۆژ: باس له‌ نه‌مانى رۆڵ و به‌سه‌رچوونى سه‌رده‌مى میدیاى كاغه‌ز ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دایت؟
سامان فه‌وزى:
كه‌ ئامرازێكى تازه‌ى میدیا ده‌رده‌كه‌وێت كاریگه‌ریى له‌وه‌ى پێش خۆى ده‌كات، كاتێك ته‌له‌ڤزیۆن ده‌ركه‌وت بووه‌ هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى رۆڵى میدیاى بیستراو، ئێستا كه‌ میدیاى ئه‌لیكترۆنی هه‌یه‌، خه‌ڵك نه‌ك له‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌ناو مۆبایله‌كه‌یه‌وه‌ چاودێریى میدیاكان ده‌كه‌ن و بابه‌ت و هه‌واڵه‌كان ده‌بینن، ئه‌مه‌ش رۆڵى ته‌له‌ڤزیۆن و رۆژنامه‌ و رادیۆى كه‌م كردووه‌ته‌وه‌. رۆژنامه‌ى كاغه‌ز وه‌ك یه‌كه‌م ئامرازى میدیایى ته‌نانه‌ت پێش دروستكردنى چاپخانه‌ش له‌ ساڵانى 1450كاندا كه‌ راگه‌یاندن ده‌ركه‌وتووه‌، به‌هۆى چاپخانه‌وه‌ به‌ره‌وپێشچووه‌، ئێستاش كه‌ میدیاى ئه‌لیكترۆنى هه‌یه‌، ماناى مه‌رگى میدیاى كاغه‌ز نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك كه‌ خوێنه‌رى میدیاى کاغه‌زن پێیانوایه‌ جدییتره‌ و  سه‌رده‌مى به‌سه‌رنه‌چووه‌. میدیاى ئه‌لیكترۆنى كه‌م یان زۆر كاریگه‌ریى كردووه‌ته‌ سه‌ر ئامرزەکانی ته‌له‌ڤزیۆن و كاغه‌ز و رادیۆ، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى 10 ساڵ پێش ئێستا كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌مان هه‌بوو، به‌هۆى خه‌رجیى زۆر و كه‌میى خوێنه‌ر و فرۆشه‌وه‌ كۆتاییان پێهات. 

دواڕۆژ: له‌نێوان میدیاى ئه‌لیكترۆنى و كاغه‌زدا كامیان متمانه‌ى زیاتره‌ لاى خوێنه‌ر؟
سامان فه‌وزى:
به‌و پێیه‌ى میدیاى كاغه‌ز له‌ژێر چاودێریى حكومه‌تدایه‌، پێویسته‌ ناوى خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ر له‌سه‌ر رۆژنامه‌كه‌ هه‌بێت و باره‌گایان ئاشكرابێت، بۆیه‌ هه‌وڵیداوه‌ راستگۆیانه‌تر بێت و حه‌زه‌ر بكات له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى جۆرێك بابه‌ت كه‌ ره‌نگه‌ كێشه‌ى بۆ دروست بكات، به‌ڵام میدیاى ئه‌لیكترۆنى دواى چه‌ند خولەکێک كه‌ هه‌واڵێكى پێده‌گات بڵاوى ده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ زۆربه‌ى كات ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌. ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كێ ئه‌م میدیایه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى پشتیوانى ده‌كات دیار و ئاشكرا بێت، میدیاكه‌ هه‌وڵى راستگۆ و پرۆفیشناڵبوون ده‌دات، به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌یان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌ له‌ بنه‌ماكانى ئه‌خلاقى كارى رۆژنامه‌وانى، به‌وپێیه‌ى به‌شێكیان ئه‌و كه‌سانه‌ى پشتیوانیان ده‌كه‌ن نازانرێت كێن، هاوكات پشت به‌ به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین خوێنه‌ر ده‌به‌ستن، بۆیه‌ زیاتر ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌، میدیاى كوردى له‌نێوان دوو تیۆرى سه‌ره‌كیدایه‌، یه‌كه‌م: لیبڕاڵیه‌ كه‌ جۆرێك ئازادیى تێدایه‌ و پێیوایه‌ ده‌بێت هه‌موو شتێك بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ وه‌ربگره‌ بڕیار له‌سه‌ر راستى و ناڕاستى ده‌دات، دووه‌میان: لێپرسراوێتى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ پێویسته‌ رۆژنامه‌نووس خۆى بكات به‌ ره‌قیب چ بابه‌تێك سوودى هه‌یه‌ بڵاوى بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ى زیان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت لێى دووركه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ میدیاى كوردى كه‌وتووه‌ته‌ نێوانى ئه‌م دوو تیۆره‌وه‌. 

دواڕۆژ: له‌ چه‌ند رۆژى رابوردوودا له‌ میدیاكانه‌وه‌ شێوه‌ و وێنه‌ى چه‌ند باندێكى مه‌ترسیدار نیشاندران، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك تۆمه‌تبار وه‌ك پاڵه‌وان ده‌رخران، مه‌ترسییه‌كانى ئه‌مجۆره‌ له‌ كارى میدیاى چین؟
سامان فه‌وزى:
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌واڵى تاوان پرسێكى ئێجگار قورس و هه‌ستیاره‌، زۆر بڵاوكردنه‌وه‌یان وا ده‌كات ئه‌نجامدانى ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ئاسایى بێت، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ره‌تاى كێشه‌كه‌دا كاریگه‌ریى ده‌خاته‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ و دادوه‌ر و شایه‌ته‌كان، پێویسته‌ میدیا بكه‌رانى ئه‌و تاوانانه‌ وه‌كو پاڵه‌وان نه‌ناسێنێت و پێش دادگا نه‌كه‌وێت، چونكه‌ قۆناغى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوان نهێنییه‌ و نابێت زانیاریى له‌سه‌ر بڵاوبكرێته‌وه‌، وه‌ك پسپۆڕانى بوارى یاساى راگه‌یاندن زۆر به‌ڕوونى هه‌ست به‌و پێشێلكاریانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ماوه‌ى رابوردوودا میدیاى كوردى كردوویه‌تى، چه‌ندین بنه‌ماى ئه‌خلاقى كارى رۆژنامه‌نووسى له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ پێشێلكراون.

دواڕۆژ: بوونى لێدوانى تیرۆرستى له‌ میدیاى كوردی-دا بووه‌ به‌ دیارده‌، پێتوایه‌ هۆكاره‌ بۆ بوونى به‌شێك له‌و توندوتیژییه‌ى له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌؟
سامان فه‌وزى:
كۆمه‌ڵگه‌ به‌ چاوێكى گه‌وره‌ سه‌یرى میدیاكار ده‌كات، میدیاكار جیاده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر پیشه‌یه‌كى دیكه‌، پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى كۆمه‌ڵگه‌ و قه‌واره‌كه‌ به‌دیبهێنێت، هه‌ندێك هه‌واڵ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر راستیش بێت، به‌ڵام كێشه‌ى زیاتر لێده‌كه‌وێته‌وه‌ یان خۆى لێ بپارێزێت یاخود به‌جۆرێك بڵاوى بكاته‌وه‌ زیانى كه‌متر بێت، له‌ میدیای كوردى بینیومانه‌ دانپێدانانى گروپه‌كه‌ى (شێخ زانا) بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وه‌، دواى چه‌ند رۆژێك دكتۆره‌ ده‌روونییه‌كان به‌رنه‌كه‌وتوون. به‌هه‌مانشێوه‌ لێدوان و هه‌واڵه‌ توندوتیژه‌كان له‌ كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ كاریگه‌ریى خراپى ده‌روونییان دروستكردووه‌، ده‌كرا ئه‌و دانپێدانانه‌ له‌ گۆڤارێكى تایبه‌تمه‌ندى یاساییدا بڵاوبكرێنه‌وه‌، نه‌ك له‌ تیڤیه‌وه‌، بۆ به‌دیهێنانى بینه‌ر و خوێنه‌ری زیاتر ده‌ست له‌وه‌ نه‌پارێزراوه‌ چى بڵاوده‌كرێته‌وه‌، به‌بێ ره‌چاوكردنى زیانه‌ ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تى و یاساییه‌كانى.

دواڕۆژ: ئایا به‌نهێنى تۆماركردنى ده‌نگ و ڤیدیۆ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌، له‌ڕووى پره‌نسیپ و ئه‌خلاقی كارى رۆژنامه‌وانییه‌وه‌، چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه‌؟
سامان فه‌وزى:
بنه‌مایه‌كى ئه‌خلاقى هه‌یه‌ ده‌بێت میدیاكاران په‌یڕه‌وى بكه‌ن كه‌ له‌ میساقى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نووسیدا هاتووه‌ و پاشكۆى یاسای رۆژنامه‌گه‌ریى كوردستانه‌ كه‌ ساڵى 2007 به‌ ژماره‌ 35 ده‌رچووه‌، له‌ ماده‌ى (نۆ)دا باس له‌ یاساغكراوه‌كان ده‌كات، له‌ بڕگه‌ى كۆتایدا ده‌ڵێت، نابێت رۆژنامه‌نووس رێگه‌ى نادروست و لابه‌لا بگرێته‌به‌ر بۆ ده‌ستكه‌وتنى زانیارى، بێگومان ده‌نگ تۆماركردن پێچه‌وانه‌ى ئه‌خلاقى كارى رۆژنامه‌وانییه‌ و له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ سه‌رپێچییه‌.

دواڕۆژ: زۆركات بابه‌تە كه‌سییه‌كان ده‌كرێته‌ پرسى سه‌ره‌كیى میدیاكان، تاچه‌ند سروشتییه‌ میدیا كار له‌سه‌ر لایه‌كى تایبه‌تى ژیانى كه‌سه‌كان بكات؟
سامان فه‌وزى:
دروشمێكى كارى رۆژنامه‌نووسیى پێشێلنه‌كردنى ژیانى تایبه‌تى كه‌سه‌كانه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ى ژیانى تایبه‌تى كه‌سه‌كان تاوانه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك زانیاریى هیچ سوودێكى بۆ كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، جگه‌ له‌ زیانگه‌یاندن به‌ هه‌ست و ده‌روونى ئه‌و كه‌سانه‌ى ناو و وێنه‌یان له‌ بابه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌. له‌ 1890 ه‌وه‌ چه‌مكى ژیانى تایبه‌ت هاتووه‌ته‌ ناو میدیاوه‌، له‌ پێش ساڵى 2005دا یاسای سزادانى عێراقى ده‌یگرته‌وه‌، ئێستا چووه‌ته‌ ناو یاساى كارى رۆژنامه‌نووسى و یاساكانى تره‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ میدیا پارێزگاریى له‌ ژیانى تایبه‌تى كه‌سه‌كان بكات، به‌ڵام له‌ ژیانى گشتیدا، بۆ نموونه‌ كه‌سێك به‌رپرسیارێتى هه‌یه‌، ئاساییه‌ چاودێریى بكرێت، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیى هه‌بوو بڵاوبكرێته‌وه‌.

دواڕۆژ: 22ى نیسان وه‌ك رۆژى رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، به‌ ناڕاست داده‌نرێت، ئایا پێویسته‌ راستبكرێته‌وه‌؟
سامان فه‌وزى:
رۆژى یادى رۆژنامه‌گه‌رى كوردی مێژوویه‌كى كۆنه‌ و پێش هه‌ندێك میلـله‌ت كه‌وتوین، كه‌ ده‌وترێت ئه‌م مێژووه‌ ورد نییه‌، پێویسته‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان له‌م بواره‌دا به‌ به‌شداریى كه‌سانى شاره‌زا كۆنفرانس ئه‌نجام بده‌ن، تا ئه‌وكاته‌ى كه‌ راست ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م مێژووه‌ى ئێستا وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه‌، پێموایه‌ ئه‌گه‌ر رۆژێك پێشتر یان دواتر بووبێت هیچ جیاوازییه‌كى نییه‌.

 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure