پیلانێک بۆ دوورخستنەوەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی کورد لە کەرکوک ئاشکرادەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 22/04/2019‌ :: 260‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پیلانێک ئاشکرادەکات كه‌ بۆ دورخستنەوەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی کورد لە فەرمانگەکانی کەرکوک دانراوه‌.


کاکەڕەش سدیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکی نوسینگەی مادەی 140 لە کەرکوک بەدواڕۆژی وت: "لەلایەن گروپی چەکداری نەناسراوەوە هەڕەشە لەبەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی کورد دەکرێت لەفەرمانگەکان، بۆ ئەوەی دەوامەکەیان بەجێبهێڵن و دواتر بەبیانووی دەوامنەکردن خەڵکانی دیکە لەبەغداوە دەستنیشان بکەن بۆ شوێنەکانیان".

وتیشی: "لەڕووی ئەمنیشەوە بەردەوام ژمارەی پۆلیس لەکەمبوونەوەدایە و ناوبەناویش بڕیاری دورخستنەوەی ئەفسەرانی کورد وایکردووە هەمیشە نیگەران و لە دڵەڕاوکێدا بین".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا ئەوەشی خستەڕوو کە تەواوی ئەو زانیاری و نیگەرانیانەی خستووەتە بەردەم وەفدەکەی بەغدا کە لە 14ی ئەم مانگە بۆ لێکۆڵینەوە لەدۆخی کەرکوک سەردانی شارەکەیان کرد.

بەپێی ئامارێکی نافەرمی کە دەستی دواڕۆژ کەوتووە، لەدوای ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 زیاتر لە 60 بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەش لەپێکهاتەی کورد لەپۆستەکانیان دورخراونەتەوە و کەسانی عەرەب و تورکمان لەشوێنەکانیان دانراون.
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure