نرخی بەنزین بەرزده‌بێته‌وه‌و هۆكاره‌كه‌شی ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 22/04/2019‌ :: 2235‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ماوەی سێ رۆژە نرخی هەرسێ جۆری بەنزین (نۆرماڵ، موحه‌سه‌ن، سوپه‌ر) 25 دینار بەرزبووه‌تەوە، پارێزگارى سلێمانیش هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی لەبۆرسەی جیهانی دەگێڕێتەوە.


هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2019 لەمەراسیمی ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی لە ئەمنە سوورەكەی شاری سلێمانی سەبارەت بە گرانبوونی نرخی بەنزین بەمیدیاكانی راگەیاند: گرانبوونی بەنزینی بازرگانی پەیوەندی بە بۆڕسەوە هەیە.

ناوبراو روونیكردەوە: بەڵام لەگەڵ ئەو بەرزبوونەوەیەی بۆڕسە، هێشتا نرخی بەنزین بەوشێوە زۆرە بەرزنەبووه‌تەوە و لەهەوڵداین لەگەڵ بازرگانەكان تا كارێكی وا بكەین ئەو نرخە بەرزنەبێتەوەو لەگەڵ حكومەتی عێراقیش لەسەر خەتین بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەو پێویستیشه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم هاوكارمان بن.

پارێزگاری سلێمانی وتیشی: "ئێستا تەنیا بەنزینی جۆری موحەسەن نرخی 25 دینار بەرزبووه‌تەوە، ئومێد دەكەین زیاتر بەرزنەبێتەوە، بەڵام ئەوەش پشتیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كاراكردنی پاڵاوگەكانی خۆمانی دەوێت، هەروەها دانانی ستراتیژێك بۆ سوتەمەنی لە كوردستان كە هەتا ئێستا نیمانە".

بەڵام بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: ماوەی نزیكەی 15 رۆژە نرخەكە لەبۆرسەی جیهانی بەرزبووه‌تەوە، لەشاری سلێمانیش ماوەی سێ رۆژە نرخی هەرسێ جۆری بەنزین 25 دینار بەرزبووه‌تەوە بەمشێوەیە (نۆرماڵ 650 دینار، محەسەن 725 دینار، سۆپەر 850).
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure