وەزارەتی دارایی بڕێك پارە بۆ بەشێک لە مووچەخۆران دەگێڕێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 22/04/2019‌ :: 24324‌ جار بینراوە

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ


حكومه‌تی هەرێمی كوردستان بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌دات كه ‌له‌فه‌رمانبه‌ران به‌ناوی پێشینه‌ له‌مووچه‌كانیان بڕدراوه، وه‌زیری دارایی و ئابوری، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ش به‌وه‌كاله‌ت ڕاسپێردراون بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر بڕینی ئه‌و پاره‌یه‌.

پاش ئەوەی ‌ده‌نگی ئه‌مریكا ئەو پرسەی وروژاند، به‌پێی نامه‌یه‌ك كه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی پێکراوە، له‌ژێر چاودێری و بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) هه‌ریه‌كه‌ له‌ (ڕێباز حه‌ملان) وه‌زیری دارایی و ئابوری، هه‌روه‌ها (كه‌ریم شنگالی) وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌وه‌كاله‌ت ڕاسپێردران بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر بڕینی ئه‌و پاره‌یه‌ پاش دڵنیابونه‌وه‌ بڕیاردرا به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌مانگی ڕابوردوو وه‌ك قه‌رزی پێشینه‌ له‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بڕدراوه‌.

پێشتر ده‌نگی ئه‌مریكا لەزاری وەزیری دارایی هەرێمەوە ڕایگه‌یاندبوو: له‌مكاته‌دا بڕیاری وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌ له‌فه‌رمانبه‌ران به بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌ت راگیراوه‌".

لەنامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ دەنگی ئەمریكا نێردراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم روونیكردووەتەوە: ئه‌و پێشینه‌یه‌ له‌لیوایه‌كی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و بۆیه‌ بڕیاردرا به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌ی پێشینه‌یه‌ی له‌و پێشمەرگە و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ له‌ موچه‌كانیان بڕدراوه‌.

ده‌قی نامه‌كه‌:

نامه‌یه‌ك بۆبه‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و به‌ڕچاوڕونی هه‌مووان
پاش بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌قی چاوپێكه‌وتنی به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ ڕۆژی 11/04/2019 كه‌ تێیدا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی بڕینی به‌شێك له‌ موچه‌ی هه‌ندێك له‌فه‌رمانبه‌ران بۆ قه‌رزی پێشینه‌، پاش نوسینی چه‌ندین سه‌رنج و كۆمێنت له‌ په‌یجی فه‌رمی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا جارێكی تر ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ڕێگای نوسینگه‌ی به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و سه‌رنجانه‌ی گه‌یانده‌ به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی و جێ به‌جێ كردنی بڕیاری به‌ڕێز (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كه‌ پێشتر بڕیار درابوو له‌م كاته‌دا پێشینه‌ له‌هیچ فه‌رمانبه‌رێك وه‌رنه‌گیرێته‌وه‌، له‌به‌دواداچونی هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان وه‌زیری دارایی و ئابوری و هه‌روه‌ها وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌بڕیار و چاودێری به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وت ئه‌و پێشینه‌یه‌ له‌لیوایه‌كی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و بۆیه‌ بڕیار درا به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌ی پێشینه‌یه‌ی له‌و پێشمەرگەو فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ له‌ موچه‌كانیان بڕاوه‌.

له‌گه‌ڵ ڕێزدا
نوسینگه‌ی وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
22/04/2019



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure