به‌هۆى به‌فربارینه‌وه‌ ده‌وام له‌ ناوچەیەکى هه‌رێم راگیرا

هەواڵ / کوردستان :: 22/04/2019‌ :: 5282‌ جار بینراوە
دیمه‌نێكى به‌فربارینه‌كه‌

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی


به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله‌ باران و سه‌رمایه‌ى رووى له‌ هه‌رێمى كوردستان كردوه‌، شه‌پۆلێكى به‌فربارین ناوچه‌ سنورییه‌كانى دهۆك به‌ گشتى و سنورى ناحیه‌ى كانى ماسێى گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌روازه‌ى سه‌رزێڕێ-یش له‌ ئامێدى ده‌ڵێت: "به‌هۆى به‌فربارینه‌وه‌ ده‌وام راگیراوه‌ و ژماره‌یه‌ك گه‌شتیار-یش گیریان خواردوه‌".

 

ھاشم یەحیا، بەڕێوەبەری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کەشناسی و بومه‌لەرزەزانی ھەرێم لە قەزای ئامێدی بە دواڕۆژی راگەیاند: "لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین سنوری قەزای ئامێدی گرتووەتەوە، به‌وهۆیه‌وه‌ لە سەنتەری قەزای ئامێدی  4 سانتیمه‌تر، لە ناحیەی کانی ماسێ  11 سانتیمه‌تر، لە سەرسنک 2 سانتیمه‌تر و لە بامەرنێ 4 سانتیمه‌تر بەفر باریووە".

هاوكات عیرفان سلێمان، بەڕێوەبەری دەروازەی سەرزێڕێ كه‌ ده‌روازه‌یه‌كى سنورى نێوان باكور و باشورى كوردستانه‌ به‌ دواڕۆژى راگەیاند: "رێگەی هاتوچۆى دەروازەی سەرزێڕێ تائێستا ھاتوچۆ تیایدا ناکرێ به‌هۆى ئه‌و به‌فره‌ زۆره‌ى كه‌ باریووه‌، به‌هه‌مان هۆكار فەرمانبەرانی دەروازەی سەزێڕێ نەچوونەتەوه‌ بۆ دەوام و ده‌وام راگیراوه‌".

وتیشی: "به‌هۆى به‌فر-ه‌وه‌ رێگەی گەلی دیھێ و بابیرێ و وەرمێلێ بۆ قەزای ئامێدی ھاتوچۆى تێدا ناكرێت. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی گەشتیارانی باکوری کوردستان لە ناحیەی کانی ماسێ ماونه‌ته‌وه‌ و نەیانتوانیووە بچنە دەروازەی سەرزێڕێ".

بەڕێوەبەری دەروازەی سەرزێڕێ ئەوەشی خستەڕوو: "تیمەکانی راماڵینى بەفر دەستیان بە پاککردنەوەی رێگەکانی ناحیەی کانی ماسێ کردوە، چونکە رێگەی کانی ماسێ بۆ قەزای زاخۆش به‌هه‌مانشێوه‌ داخراوه‌".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە