چیرۆکی رزگار-ی تەمەن 22 ساڵ کە پێش گیانلەدەستدانی وەسێتی کردوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 27663‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌كى رێباز له‌ نه‌خۆشخانه‌ و ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ى كه‌ گڕى گرت

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

"رزگاركه‌سێكی بێوه‌یی و بێ كێشه‌ بوو، بۆ دابینكردنی بژێوی خۆی و ماڵ و منداڵه‌كه‌ی له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی سۆران وه‌ك كرێكارێك كاریده‌كرد. ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی ئه‌و سه‌رقاڵی كاركردن بوو تیایدا، ئاگریگرت و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا". ئه‌مه‌ قسه‌ی برایه‌كی ئه‌و كرێكاره‌یه‌ كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ و پێش گیان له‌ده‌ستدانی له‌گه‌ڵی بووه‌. 


رۆژی 16ی نیسانی 2019، له‌ كارگه‌یه‌كی ناوچه‌ی پیشه‌سازی سۆران رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ روویدا، ئه‌و رووداوه‌ گیانله‌ده‌ستدانی كرێكارێكى ته‌مه‌ن 22 ساڵى  به‌ناوى رزگار مسته‌فای لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ خێزانداره‌ و خاوه‌نى دوو منداڵه‌.

حیكمه‌ت مسته‌فا، برای ئه‌و كرێكاره‌ی له‌ رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا گیانی له‌ده‌ستدا چیرۆكی سوتان و گیان له‌ده‌ستدانی براكه‌ی  بۆ دواڕۆژ گێڕایه‌وه‌  و ده‌ڵێت: "ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی رابوردوو رزگاری برام وه‌ك هه‌ر رۆژێكی دیكه‌ چووه‌ته‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌و چوونه‌ سه‌ركاره‌ی كۆتا رۆژی ئیشكردنی بوو، چونكه‌ روودان و كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێك ژیانی له‌و برایه‌م سه‌نده‌وه‌ و بۆ هەمیشە نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "براكه‌م ماوه‌ى شه‌ش مانگ بوو ئه‌و كاره‌ى ده‌ستپێكردبوو، ئه‌و رۆژه‌ى روداوه‌كه‌ روویداوه‌ خه‌ریكی تێكردنی گاز بووه‌ له‌ ئۆتۆمبێلێكی گه‌وره‌، له‌پڕ ئاگرێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ربووه‌،  له‌كاتی روودانی رووداوه‌كه‌ش به‌شی زۆری جه‌سته‌ی براكه‌مان سوتاوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ دوای چوار رۆژ مانه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌، به‌هۆی زۆری رێژه‌ی سوتانه‌كه‌یه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌". 

حیكمه‌ت باس له‌ بارى خێزانى براكه‌ى و ورده‌كارییه‌كانى ژیانى ده‌كات و ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌: "رزگار كرێچی بوو، به‌ مه‌به‌ستی دابنكردنی بژێوی ماڵ و منداڵه‌كانی وه‌ك كرێكار له‌ناو گارگه‌ی كبریتی پیشه‌سازی سۆران به‌ مانگانه‌ی 300 هه‌زار دینار كاریده‌كرد. بارودۆخی دارایی ئه‌و برایه‌مان له‌وپه‌ڕی خراپیدابوو، ئێستاش كه‌ ئه‌و گیانی له‌ده‌ستداوه‌، وێڕای خه‌می گیان له‌ده‌ستدانی براكه‌مان، خه‌م بۆ ئه‌وه‌ش ده‌خۆین كه‌ دوای مه‌رگی ئه‌و چۆن بتوانین بژێوی ماڵ و منداڵه‌كه‌ی دابین بكه‌ین؟ چونكه‌ ئێمه‌ و ماڵی بابیشمان هه‌موومان كرێچین و دۆخی داراییمان باش نیه‌".  

له‌باره‌ى كۆتا وته‌ى رزگار، براكه‌ى كه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌ و تا ساتى گیان له‌ده‌ستدانى له‌گه‌ڵیدا بووه‌، ده‌ڵێت: " له‌وكاته‌ى كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌بوو نزای دەکرد کە گیان لەدەستنەدات و چاکببێتەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە ژیان بدات لەگەڵ خێزان و دوو منداڵەکەی، بەهۆی ئەوەی کە جەستەی زۆر سوتابوو، ترسی لێنيشتیبوو و دەیزانی کە چاکبوونەوەی ئەستەمە. پێش ئەوەشی گیان لەدەستبدات دوا قسە و وەسیەتی ئەوەبوو: چاوتان لە منداڵەکانم بێت و مەهێڵن بێناز ببن".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure