رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى هه‌موواركردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى نێوان پارتى و گۆڕان ده‌درێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 752‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایدەگەیەنێت: رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی هەموارناكەنەوە، پەرلەمانتارێكی ئەو بزوتنەوەیەش جەخت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دەكاتەوە "ئەركی ئەخلاقی پارتییە رێككەوتنەكەی له‌گه‌ڵ گۆڕان جێبەجێ بكات"، ئاشكراشیده‌كات: "كاندیدەكانیان بۆ پۆسته‌كانى حكومەتی نوێ ئامادەن".

نزیكەی 200 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان-دا تێپەڕیووە، سەرەڕای واژووكردنی رێككەوتنامە لەنێوان پارتی و گۆڕان، پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، بەڵام تائێستا نەتوانراوە حكومەتی نوێ رابگەیەندرێت، لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكومەتیش (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) یەكدی بەدواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ تۆمەتبار دەكەن.

جەمال حاجی محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئەمڕۆ 21ی نیسانی 2019 دوای تەواوبوونی مەراسیمی چلەی كۆچكردوو سەڵاح سەعید قەزاز، بەمیدیاكانی راگەیاند: "ئەوان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنیان كردووە پێش لایەنەكانی دیكە و هەمواری ناكەنەوە".

هەروەها خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەمان مەراسیمدا بۆ میدیاكان رایگەیاند: "هەمواركردنەوەی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بەمیزاجی شەخسی بڕیاری لێنادرێت، ئەوان حیزبێكی دامەزراوەیین و هەمواركردنەوەكە پێویستی بەكۆبوونەوەی جڤاتەكانی گشتی و نیشتمانی-یە".

ناوبراو روونیكردەوە: "كاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان-یش پەیوەندی بەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی-یەوە هەیە".

هاوكات گوڵستان ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند :"ئێمە پابەندی رێككەوتنەكەین، ئەركە ئەخلاقییەكە دەكەوێتە سەرشانی سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پابه‌ندییه‌كى ئەخلاقییە پابەندبن پێوەی و جێبەجێی بكەن".

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان روونیكردەوە :"ئەركی ئەخلاقی ئێمە لەڕۆژی 18ی شوبات، بوو كە یەكەمین دانیشتنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بوو پابه‌ندبووین  پێوه‌ى، چونكه‌ هەر 12 پەرلەمانتارەكەمان دەنگمان دایە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان".
 
ناوبراو روونیكردەوە :"دواتر به‌ پارتیمان راگه‌یاند،  ئیلیتزامی ئەخلاقی دەكەوێتە سەرشانی ئێوە چەندێك پابەنددەبن بەو رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕان واژووتان كردووە، لەبەرئەوە زۆر گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو ئیلتیزامە ئەخلاقییەی خۆی جێبەجێ بكات بەرامبەر بەو رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕان واژووى كردووە".

سەبارەت بەهەمواركردنەوەی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی، گوڵستان  ئەحمەد دەڵێت: "ئێمە تائێستا باوەڕمان بەهەمواری ئەو رێككەوتنە سیاسییە نییە و داوامان كردووە لە پارتی دیموكراتی كوردستان  پابەند بێت بەهەموو ئەو بڕگانەی لەو رێككەوتنەدا نووسراوەتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان رەتیكردەوە پێكهێنانی حكومەتی نوێ پەیوەندی بە ئەوانەوە هەبێت و وتیشى: "بەبڕوای من مەسەلەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ هیچ پەیوەندی بەگۆڕان-ەوە نییە، ئەمڕۆ حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت، بۆ رۆژی سێشەممە پەرلەمان دانیشتن ئەنجامدەدات بۆ متمانەدان بەكاندیدەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە كاندیدەكانیمان ئاماده‌ن".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure