یه‌كێتى: چاوەڕوانی پارتین بۆ واژۆكردنی رێككەوتنی نێوانمان

هەواڵ / کوردستان :: 21/04/2019‌ :: 244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ئەندامێکی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەوان هیچ بەربەست و رێگرییەكیان نییە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئەوان و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و چاوەڕوانی پارتین.


حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای تەواوبوونی مەراسیمی چلەی كۆچكردوو سەڵاح سەعید قەزاز بەمیدیاكانی راگەیاند: ئێمە پشتیوانی تەواو لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەكەین و هەوڵیش دەدەین لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان زوو حكومەتەكە پێكبهێنین، چونكە خەڵك چاوەڕوانە و حكومەتی نوێش پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ هەرێمەكەمان بۆ ئارامی و ئاسایش بۆ ئەوەی تواناكانی حكومەتەكەمان لەسەرجەم بوارەكاندا بخەینە خزمەتی خەڵكەوە.

سەبارەت بەزیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم، ناوبراو وتی: "ئێمە رێككەوتنی سیاسیمان لەگەڵ پارتی ئیمزا كردووە و بەپێی ئەو رێككەوتنە بەشداری حكومەتمان كردووە، لەبەرئەوە جێگرێكی دیكەش زیادبكرێت بۆ راییكردنی كارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم كارێكی سروشتییە".

بۆ كاتی ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئەوان و پارتیش، حاكم قادر وتی :"هیچ رێگری و بەربەستێك لای ئێمەوە نییە، چاوەڕوانی برایانی پارتی دیموكراتی كوردستانین".

سەبارەت بەپەیوەندییەكانی ئەوان و گۆڕانیش، ئەو بەرپرسەی یەكێتی روونیكردەوە: ئێستا هەنگاوێكی نوێ دەستیپێكردووە كە یەكەمجارە پارتی و یەكێتی و گۆڕان حكومەت پێكدێنن، لەبەرئەوەی حكومەت پێكدێنن، بۆیە پێویست دەكات پەیوەندییەكانی نێوانیان زۆر ئاسایی بكرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو تواناكان بخەینە خزمەتی خەڵكەوە.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure