كۆمپانیایەک ده‌یه‌وێت سێ گوندی كوردنشین بڕوخێنێت

هەواڵ / کوردستانی :: 21/04/2019‌ :: 2177‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری


هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك تاوه‌كو 5ی مانگی داهاتوو مۆڵه‌تیان داوه‌ته‌ دانیشتوانی سێ گوندی رۆژئاوای پارێزگاكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سنوره‌كه‌ به‌جێبهێڵن، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش ده‌ڵێت: "رێگە به‌دووباره‌ ئاواره‌بوونه‌وه‌ی خه‌ڵك ناده‌ین".

كۆمپانیای نه‌وتی باكور به‌ بیانووی خاوه‌ندارێتیكردنی زه‌ویه‌كه‌، له‌ڕێگه‌ی دادگاوه‌ فشار ده‌كات بۆ ئاواره‌كردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی و روخاندنی گونده‌كان كه‌ بریتین له‌ (هه‌نجیره‌، باجوان و جۆبله‌ینجه‌) كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێوان كه‌ركوك و قه‌زای دوبز کە نزیك بیره‌ نه‌وتییه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی باكورن.

جه‌مال شكور، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: گونده‌كانی باجوان و هه‌نجیره‌ و جۆبله‌ینجه‌ له‌ساڵی 1963 روخێنراون و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌كراون و دواتر له‌ ساڵی 1970 گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ 1975 جارێكی دیكه‌ ئاوارەبوونه‌ته‌وه‌ و كۆمپانیای نه‌وتی باكوریش زه‌وییه‌كانیانی داگیركردووه‌.

وتیشی: "له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و به‌پێی مادده‌ی 140ی ده‌ستوریش به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك شوێنێكی نوێیان بۆ دابینكراوه‌ و نیشته‌جێكراون و خزمه‌تگوزاریشیان بۆ دابینكراوه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا به‌بیانووی ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتییەكه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌وڵده‌درێت دوباره‌ ئاواره‌بكرێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ی قبوڵكردن نیه‌ و له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وتدا له‌هه‌وڵاین بۆ رێگری له‌و هه‌نگاوه‌".

جەمال ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ساڵی 2015 كۆمپانیای نه‌وتی باكور دیواربه‌ندی بۆ بیره‌ نه‌وتییه‌كان دروستكردوه‌ كه‌ 27 مه‌تر له‌گونده‌كانه‌وه‌ دوره‌ ئه‌وه‌یش دانپێدانانێكه‌ به‌شه‌رعیه‌تی ئه‌و گوندانه‌.

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure