ئەو ژنەی‌ كاندیده‌ بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ دواڕۆژ ده‌دوێت

هەواڵ / عێراق :: 21/04/2019‌ :: 200‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

جه‌میله‌ عوبێدی تاكه‌ ژنه‌ كاندیده‌كه‌ی پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا، باس له‌ خۆكاندیدكردنی و پاڵپشت و هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار بۆ دواڕۆژ ده‌كات.

جه‌میله‌ عوبێدی كه‌ پێشتر دوو خول ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق بووه‌، ئێستا خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا كاندید كردووه‌، کە رۆژی 24ی ئه‌م مانگه‌ ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌وه‌ داده‌خرێت، ئه‌ویش ته‌نها كاندیدی ژنه‌.

عوبێدی به‌دواڕۆژی وت: "من تا ئێستا تاكه‌ كاندیدی ژنم بۆ وەر‌گرتنی پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا، به‌بێ هیچ پاڵپشت و هاوكارییه‌كی سیاسی خۆم كاندیدكردووه‌".

وتیشی: "هاووڵاتی پێویستی به‌ زیره‌كی و چاونه‌ترسی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داوای مافی خۆی بكات، ئه‌وه‌تا هێشتا نه‌هامه‌تییه‌كانی داگیركاری داعش و كاره‌ساتی نوقمبوونی به‌له‌مه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ی دیجله‌ له‌ موسڵ ته‌واو نه‌بووه"‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: پێویسته‌ رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببینه‌وه‌، بۆیه‌ خۆمم بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید كردووه‌، چونكه‌ دوو خول ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن بووم، خولێك ئه‌ندامی په‌رله‌مان بووم، نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م پارێزگایه‌م كردووه‌، هاوكارانی پێشووم له‌ ئه‌نجومه‌ن ئه‌گه‌ر ویژدانیان زیندووبێت، ئه‌وا ده‌زانن من كێم و ده‌نگم ده‌ده‌نێ.

سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ كڕین و مامه‌ڵه‌كردن به‌ پۆسته‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت، كاندیده‌ ژنه‌كه‌ی پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا روونیكرده‌وه‌: ئێمه‌ به‌چاو هیچمان نه‌بینیوه‌  و ده‌بیستین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش راست نه‌بێت، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌ چییه‌، ئه‌ی بۆچی گه‌نده‌ڵكاران سزا نادرێن، بۆچی هه‌ر له‌ شوێنی خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌وه‌ ناتوانێت لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خواره‌وه‌ی خۆیدا بكات.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure