هێشتا لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان یەکلانەبوونەتەوە.. کوردەکان ناکۆکن

هەواڵ / عێراق :: 21/04/2019‌ :: 207‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا


تائێستا سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ری لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراق به‌ته‌واوی هه‌ڵنه‌بژێردراون، په‌رله‌مانتارێكیش دەڵێت: "هه‌موو لایه‌نه‌كان بڕیارمانداوه‌ ده‌نگ به‌ ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید بده‌ین، بۆ وه‌رگرتنی بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی، ته‌نیا پارتی نه‌بێت كه‌ به‌ ئیستیحقاقی خۆی ده‌زانێت و داوای ده‌كات".

شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی نیسانی 2019 به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ری لیژنه‌كانی په‌رله‌مان په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنی لایه‌نه‌كانه‌وه‌، بۆیە هێشتا زۆرێك له‌ لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كان سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌یان هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی، روونیشیكرده‌وه‌: به‌پێی په‌یڕه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان، نابێت هه‌ر لایه‌نێك وه‌زیری په‌یوه‌ندیداری لیژنه‌كه‌ی وه‌رگرتبێت، سه‌رۆكی لیژنه‌ له‌و ‌لایه‌نه‌ بێت، كورد مافی وه‌رگرتنی چوار سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌یه‌، پێشمانوایه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی تریش پۆستی سه‌رۆكی لیژنه‌كان وه‌رگرن، هه‌موو پۆسته‌كان بۆ حزبه‌ گه‌وره‌كان نه‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و وه‌رگرتنی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن، هیچ رۆڵی هه‌یه‌ له‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی ناو په‌رله‌مان؟ شیروان میرزا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد: ئێستا هیچ لایه‌نێك خۆی به‌ خاوه‌نی وه‌زیره‌كان نازانێت، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیانوایه‌ ئه‌و وه‌زیره‌ ته‌كنۆكراته‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، به‌ رێگه‌ی حزب وه‌رینه‌گرتووه‌، بۆیه‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مانیش داوای هه‌ندێك سه‌رۆكی لیژنه‌ ده‌كه‌ن كه‌ وه‌زیره‌كه‌شیان هه‌یه‌ له‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌.

له‌باره‌ی وه‌رگرتنی پۆستی بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و بۆ كێ ده‌بێت؟ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی روونیكرده‌وه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان بڕیارمانداوه‌ ده‌نگ به‌ ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید بده‌ین، بۆ وه‌رگرتنی بڕیارده‌ری لیژنه‌كه‌، ته‌نیا پارتی نه‌بێت، كه‌ به‌ ئیستیحقاقی خۆی ده‌زانێت و داوای ده‌كات.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure