پاسپۆرتی عێراقی لەكۆتایی ریزبه‌ندی پۆلێنی وڵاتاندایه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/04/2019‌ :: 444‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا


به‌پێی ریزبه‌ندی پێنوێنی (هینلی) پاسپۆرتی عێراق لەكۆتایی ریزبه‌نده‌كه‌دایه‌، ئه‌و پێنوێنه‌ چه‌ند مه‌رجێكی داناوه‌ بۆ دیاریكردنی ئاستی په‌سه‌ندكراوی پاسپۆرتی وڵاتان.


رامی سه‌كینی، په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: دواكه‌وتنی پاسپۆرتی عێراق له‌ ریزبه‌ندی پاسپۆرتی وڵاتاندا، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ عێراق ده‌كه‌وێته‌ بازنه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی گه‌نده‌ڵییان تیادایه‌ و گه‌نده‌ڵی بڵاوه‌یكردوه‌، ترلیۆنه‌ها دۆلار به‌هه‌ده‌ر دراون، ئه‌وه‌ش به‌ نه‌رێنی كاریگه‌ری خستۆته‌ سه‌ر ناوبانگی عێراق كه‌ له‌ وڵاتێكه‌وه‌ كردوویەتی بە كۆمپانیایه‌كی پشكدار.

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ده‌بێت هه‌موولایه‌ك هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌، نه‌ك ته‌نیا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش، عێراق بگوازرێته‌وه‌ له‌و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی دژی گه‌نده‌ڵی.

 

پێنوێنی هینلی جیهانی له‌م دواییانه‌دا لیستێكی بۆ پاسپۆرتی وڵاتان ده‌ركرد كه‌ پشتی به‌ستووه‌ به‌ ئاستی ئازادی هه‌ڵگرتنی پاسپۆرتی وڵاتان له‌ گه‌شتكردن و گه‌ڕان له‌ جیهان و ده‌ستخستنی ڤیزا به‌ ئاسانی، له‌و ریزبه‌ندییه‌دا عێراق پله‌ی 106ه‌مینی وه‌رگرتووه‌، له‌سه‌ر ئاستی جیهان، دوای سوماڵیش كه‌وتووه‌ كه‌ پله‌ی 105ه‌مینی هه‌یه‌، هاوكات پاسپۆرتی یابانی پله‌ی یه‌كه‌می هێناوه‌ كه‌ هه‌ڵگرانی ده‌توانن بڕۆنه‌ 190 وڵاته‌وه‌، له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌دا عێراق و ئه‌فغانستان له‌ كۆتاییدان كه‌ هه‌ڵگرانی پاسپۆرته‌كانیان ده‌توانن بڕۆنه‌ ته‌نیا 30 وڵاته‌وه‌.

 

ریاز مه‌سعودی، په‌رله‌مانتاری عێراق به‌دواڕۆژی وت: "شه‌ڕ و ئابڵوقه‌كان وڵاتی له‌ كاروانی گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌پێدانی ته‌كنیكی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دوورخستۆته‌وه‌، هه‌روه‌ك چه‌ند وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و ئوستراڵیا و یابان چه‌ندین به‌ندوباریان خستۆته‌ سه‌ر گه‌شتكردن كه‌ كاره‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ عێراقه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو وڵاتانه‌، هه‌روه‌ك وڵاتان بۆ خۆیان چه‌ند مه‌رج و رێوشوێنێكیان هه‌یه‌ بۆ گه‌شتیاران، وڵاتان ئاڵوگۆڕی هاوشێوه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ گه‌شیاراندا، واته‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پاسپۆرتێكی وڵاتێك بكه‌یت به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرانی پاسپۆرته‌كه‌ت ده‌كه‌ن.

 

مه‌سعودی باوه‌ڕی وایه‌، ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ ملكه‌چی بنه‌ما و رێنماییه‌ سیاسییه‌كانن كه‌ هه‌ندێكجار وه‌ك ریزبه‌ندكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌ت و زانكۆكانن كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكن پشت به‌ پێوه‌ر ده‌به‌ستن، له‌وانه‌ پێوه‌ری خێرایی ده‌ركردنی پاسپۆرت، ماوه‌ی به‌سه‌رچوونی، جۆری كاغه‌زه‌كه‌ی، لایه‌نی ده‌ركه‌ری، قه‌باره‌ی ئاسایشیی، بڕی پاڵپشتی یاسایی پاسپۆرته‌كه‌.

 

ره‌تیشیكرده‌وه‌: هیچ به‌ربه‌ستێكی یاسایی هه‌بێت، رێگری بكات له‌وه‌ی عێراق بچێته‌ هه‌موو وڵاتێكه‌وه‌، پاسپۆرتی عێراقیش پاسپۆرتێكی به‌ڕێزه‌.
 
پێداچوونەوە: ئارا م غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure