لەمەرزێکی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی خۆراکی ماوەبەسەرچوو ئاڵوگۆڕدەکرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 245‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن


مه‌رزی سۆمار له‌ سنوری مه‌نده‌لی به‌هۆی قاچاخچێتی و رێگه‌دان به‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ی خراپ و به‌سه‌رچوو، بووه‌ته‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر دانیشتوانی عێراق بەتایبه‌ت دانیشتوانی سنووری دیاله‌، بەپێی به‌دواداچوونه‌كانی دواڕۆژ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 8 مانگدا 11 به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ گۆڕاوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ مه‌رزه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكرێت.

 

ئازاد شه‌فی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی مه‌نده‌لی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ مه‌رزی سۆمار قاچاخچێتی و كاری نایاسی و هێنانی خۆراكی خراپ و به‌سه‌رچوو له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ عێراق به‌رده‌وامه‌ و له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندینجار لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیان له‌ حكومه‌تی خۆجێی دیاله‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بێسووده ‌و هیچ ئاكامێكی نییه.

 

وتیشی: "هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگدا 11 به‌ڕێوه‌به‌ریان بۆ گۆڕیوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ ڕێگه‌ بگرن له‌ هێنانی خۆراكی خراپ و به‌سه‌رچوو له‌گه‌ڵ دیارده‌ی قاچاخچێتی و كاری نایاسایی دیكه‌، بۆیە له‌ڕاستیدا حكومه‌ت ناتوانێت كۆنترۆڵی بارودۆخه‌كه‌ بكات".

 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: بارودۆخه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كه‌ ته‌نانه‌ت رێگه‌ به‌ ئێمه‌ ناده‌ن بچینه‌ نێو مه‌رزه‌كه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆڵناده‌ین و به‌رده‌وامده‌بین له‌ داواكاری بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ڕێگه‌چاره‌ بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ی مه‌رزی سۆمار بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه.

 

له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیشدا فورات ته‌میمی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: له‌ دوو رۆژی رابردوودا له‌ مه‌رزی سۆماری سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، لەلایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ 10 تۆن "به‌ز" چه‌وری دروستكراو له‌ شێوه‌ی چه‌وری ئاژه‌ڵ، ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ كه‌ هۆكارە بۆ دروستبوونی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌.

 

وتیشی: "هاوكات 300 كارتۆن هێلكه‌ی به‌سه‌رچووش ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ و له‌كاتی هێنانی ئه‌و خۆراكانه‌ یاری به‌ نووسراوه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ناوی فه‌رشه‌وه‌ هێنراوه‌ته‌ عێراقه‌وه‌، به‌ڵام له‌كاتی پشكنین ده‌ركه‌وتووه‌ خۆراكی خراپ و مه‌ترسیداره‌ ئه‌مه‌ش هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ شه‌ڕی داعش و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی عێراقی".

 

مه‌رزی سۆمار مه‌رزێكی نوێیه ‌و ده‌كه‌وێته‌ نێوان عێراق و ئێران له‌ سنووری ناحیه‌ی مه‌نده‌لی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌ دوای دروستبوونیه‌وه‌ زیاتر له‌ ده‌ستی چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدایە.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ مه‌نده‌لی كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: گرفتی گه‌وره‌ی ئه‌و مه‌رزه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ و به‌مهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌موو كارێكی نایاسایی ئه‌نجامده‌درێت، له‌ڕووی قاچاخچێتی و هێنانی خۆراكی خراپ و كوالێتی نزم و ماوە به‌سه‌رچوو.

 

وتیشی: "هه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ وایكردوه‌ حكومه‌تی عێراق زوو زوو به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بارودۆخه‌كه‌ باش بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نه‌توانراوه‌ بارودۆخه‌كه‌ چاكبكرێته‌وه‌ و ته‌نیا چاره‌سه‌ریش ده‌رهێنانیه‌تی له‌ ده‌ستی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و كۆنترۆڵكردنیه‌تی له‌لایه‌ن خودی حكومه‌ته‌وه.

 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: گروپه‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌موویان له‌نێو مه‌رزه‌كه‌ پشكیان هه‌یه‌ و هه‌ر به‌رپرسێك بازرگان و كه‌سانی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ له‌ڕێگه‌یانه‌وه‌ هه‌رچییه‌كیان بوێت له‌ مه‌رزه‌كه‌ ده‌توانن بیكه‌ن و حكومه‌تیش ناتوانێ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.

زاهید تاهیر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ زۆربه‌ی مه‌رزه‌كان گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كان بوونیان هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌رزی سۆمار له‌ مه‌نده‌لی له‌ هه‌موویان خراپتره‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه‌ به‌وشێوه‌یه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌ و ئێستاش زۆر كاری نایاسایی تێدا ده‌كرێت.

 

وتیشی: "له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌رزه‌كان راسته‌وخۆ سه‌ر بە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خاڵه‌ سنورییه‌كانی عێراقن، وه‌كو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆیان به‌سه‌رەوه‌ نییه‌ و ته‌نانه‌ت خودی پارێزگاری دیاله‌ش هه‌مان گرفتی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌رزه‌ هه‌یه ‌و هه‌رچه‌ندە نوسراو ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان ده‌كه‌ین له‌ به‌غدا، به‌ڵام بێ سوده‌ و ئه‌نجامی نییه"‌.

 

زاهید تاهیر راشیگه‌یاند: هۆكاری ئه‌وه‌ی دوو مانگ یان كه‌متر به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێت ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ زۆره‌یه‌ له‌مه‌رزه‌كه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ یان ده‌بێت بكه‌وێته‌ ژێر ڕكێفی گروپه‌ چه‌كداره‌كان و به‌شداربێت له‌ گه‌ڵیاندا یان ژیانی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و زۆرجاریش خۆیان داوای گواستنه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تووشی گرفت نه‌بنه‌وه‌.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure