ناوی چه‌ند كاندیدێكی یه‌كێتی بۆ پۆستەكان ئاشكرا ده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/04/2019‌ :: 6824‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بەنیازی خۆكاندیدكردنن بۆ پۆستە وەزارییەكانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: "دواجار ئه‌نجومه‌نی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری كۆتایی بۆ كاندیدەكان دەدات".


بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هەرێم، یەكێتی (جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جێگری سەرۆكی حكومەت) وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، پلاندانان، كشتوكاڵ، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا) لەگەڵ چەند دەستەیەك وه‌رده‌گرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەركردایەتی یەكێتی ئەمشەو 20ی نیسانی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یه‌كێتی بۆ تاووتوێی كاندیدەكان بووە، بەڵام دوای واژۆكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی، ناوی كاندیدەكان لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا پەسەند دەكرێن".

سەبارەت بە كاندیدە پێشنیاركراوەكانیش بۆ پۆستە باڵاكان، ئەو سەرچاوەیە وتی : "ئەوەی تائێستا هەیە، حاكم قادر حەمەجان بۆ پۆستی  جێگری سەرۆكی هەرێم، رێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی بۆ سەرۆكی پەرلەمان، قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كاندیدن".

بۆ كاندیدی وەزارەتەكانیش، سەرچاوەكەی ناو یه‌كێتی روونیكردەوە: بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمەرگە چەند سەركردەیەك بەنیازی خۆكاندیدكردنن، ئەوانیش مەحمود سەنگاوی، مستەفا چاوڕەش، عەدنانی حەمەی مینا، ئەوەندەی زانیاریش هەبێت شێخ جەعفەر خۆی كاندید ناكات، بەڵام نازانرێت دواجار بۆ ئەو مەبەستە چۆن رێككەوتن دەكەن"، ئەوە لە كاتێكدایە پێشتریش جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەدواڕۆژی راگەیاندبوو: خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد: بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ سەعدی ئه‌حمه‌د پیرە بەنیازی خۆكاندیدكردنە، بۆ وه‌زیری رۆشنبیری بە فەرید ئەسەسەرد وتراوەو حەمەی حەمە سەعیدیش بەنیازی خۆكاندیدكردنه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، بەڵام ئەسەسەرد رەتیكردووه‌تەوە، بۆ پۆستی وه‌زیری خوێندنی باڵاش تائێستا چانسی یوسف گۆران وەزیری ئێستا بەهێزە، لەبەرئەوەی قوباد تاڵەبانی پشتگیری دەكات، هه‌روه‌ها پەروین كاكەحەمەش، ئەندامی سەركردایەتیش پێدەچێت بۆ سەرۆكی دەستە كاندید بكرێت"، بۆ دەرباز كۆسرەت رەسوڵیش، تائێستا بۆ یەكێك لە پۆستەكان یەكلایی نەكراوەتەوە.

 

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure