راپەڕین: داوای دابینکردنی هێلیکۆپتەری فریاگوزاری دەکرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 20/04/2019‌ :: 1626‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

پاش ئه‌وه‌ى ته‌رمى قوربانیانى رووداوه‌كه‌ى دوێنێى ناحیەی بنگرد بەهۆی قەرەباڵغی رێگەوبانەوە بە بەلەم گوازرانه‌وه‌ بۆ نەخۆشخانە، بەرگری شارستانی دەڤەرەکە داوای دابینکردنی هێلیکۆپتەری فریاکەوتن دەکات بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەو جۆرە.

(دوێنێ هەینی 19ی نیسانی 2019) لە نزیک گوندی سەرسیانی سەر بە ناحیەی بنگرد، رووداوێكى هاتووچۆ روویدا و به‌هۆیه‌وه‌ حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی رێگەوبانەوە، تەرمی قوربانی و بریندارەکان بە بەلەم بۆ نەخۆشخانە گوازرانه‌وه‌.

حسێن عەبدوڵا، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی دوێنێ رۆژی پشوو بوو ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی دەڤەرەکە بۆ گەشت و سەیران روویان کردبووە دەربەندی رانیە، دوای رووداوەکە بەهۆی داخرانی رێگەکە و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل، نەتوانرا قوربانیان بە ئۆتۆمبێل لە رێگەی دەربەندەوە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.

وتیشی: "لە رێگەی ئاوی دەربەندی رانیە تیمەکانی غەواسی راپەڕین تەرمی قوربانیان و بریندارانیان لە سنوری ناحیەی بنگردەوە گواستەوە بۆ سنوری قەزای رانیە و دواتر بە ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی رانیە".

باسی لەوەشکرد: وەکو بەرگری شارستانی چەندین جار داوایانکردووە کە هێلیکۆپتەری فریاگوزاری بۆ سنوری ئیدارەی راپەڕین دابینبکرێت بۆ فریاکەوتنی رووداوێکی لەو جۆرە، بەڵام تائێستا وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی نەداوەتەوە.

پ: ن.ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure