عێراق و سعودیه‌ تاوتوێى به‌ستنه‌وه‌ى تۆڕى كاره‌باى نێوانیان ده‌كه‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 20/04/2019‌ :: 184‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

وه‌زیرى كاره‌باى عێراق ئاشكرایكرد: له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى عێراق بۆ سعودیه‌، یاداشتێكى لێکتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ سعودیه‌ واژۆکردووە بۆ تاوتوێكردنى گرنگى به‌ستنه‌وه‌ى كاره‌با له‌ نێوان هەردوو وڵاتدا.


لوئه‌ى خه‌تیب، وه‌زیرى كاره‌باى عێراق (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ى نیسانى 2019) له‌ به‌یاننامه‌یەكدا ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ خالد عه‌بدولعه‌زیز فالح وه‌زیرى وزه‌ و پیشه‌سازى و سامانى كانزایى سعودى، تاوتوێى هاریكارى هاوبه‌شمان كرد له‌ بوارى وزه‌ و به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات، دانوستانه‌كانیش واژۆکردنی دوو یاداشتى لێکتێگه‌یشتنى لێكه‌وته‌وه‌.

روونیشيده‌كاته‌وه‌: یاداشتى یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ هاوتا سعودییه‌كه‌ی، ئامانجى به‌هێزكردنى هاوكارى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت و په‌ره‌پێدان و ئاڵوگۆڕى ئه‌زموونه‌ زانستییه‌كان و چه‌سپاندنى هاوكارى هاوبه‌شى درێژخایه‌نه‌ له‌ بوارى وزه‌ى كاره‌بادا.

ده‌شڵێت: "یاداشتى دووه‌م له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى نیشتمانى بۆ گواستنه‌وه‌ى كاره‌باى سعودیه‌ به‌ئامانجى دانانى میكانیزمى هونه‌رى و رێكخستنى بۆ ئاماده‌كردنى توێژینه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ئاستى گرنگى به‌ستنه‌وه‌ى كاره‌با له‌ نێوان عێراق و سعویه‌.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: ئه‌و یاداشته‌ به‌شێكه‌ له‌ به‌ستنه‌وه‌ى سیستمى كاره‌باى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و دروستكردنى بازاڕ و دووباره‌كردنه‌وه‌ى وزه‌ى كاره‌با و پڕكردنه‌وه‌ى داخواست و ئاڵوگۆڕى وزه‌ له‌ هه‌رێمایه‌تى و گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپا.

پ: ن. ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure