پڕۆفیسۆرێک: رۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان 22ى نیسان نییه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 20/04/2019‌ :: 334‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

پڕۆفیسۆرێکی بوارى راگەیاندن ده‌ڵێت: لە پڕۆژەیەکدا بە پشتبەستن بە دەیان دۆکیۆمێنتی جیهانی دەرمخستووە كه‌ دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان) له‌ 22ى نیسان نییە و مێژووەکە هەڵەیە.


پرۆفیسۆر مەغدید سەپان، مامۆستای راگەیاندن، لە بارەی پڕۆژەکەی و بەدواداچوونی بۆ مێژووی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان، بۆ دواڕۆژ وتى: "راستە دكتۆر مارف خەزنەدار یەکەم کوردە، رۆژی دەرچوونی ژمارە 1ی رۆژنامەی (کوردستان)ی بە 22ی نیسان داناوە. ئەوەشی بە گوتارێک لە رۆژنامەی (برایه‌تى-التأخی) لە ژمارەی 22ی نیسانی 1968 بڵاوکردووە. لەهەمانساڵدا دكتۆر کەمال فوئاد لە کتێبخانەی ماربورگ لە ئەڵمانیا زۆربەی ژمارەکانی رۆژنامەی (کوردستان)ی دۆزیبۆوە و بە گوتارێک لە ژمارە 1ی گۆڤاری (رووناکی) کە لە 23ی مایسی 1969 دەرچوو، ئەم دۆزینەوە تازە و گرنگەی بۆ خوێنەرانی کورد ئاشکراکرد. دواتر هەر دكتۆر کەمال فوئاد تەواوی ژمارەکانی بەردەستی لە رۆژنامەی (کوردستان) لە بەرگی کتێبێک بەناوی ("کوردستان" یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی) لە ساڵی 1971 لە بەغدا چاپکرد. دكتۆر کەمال فوئاد لە پێشەکی کتێبەکەی بەمجۆرەی خوارەوە لەسەر رۆژنامەی (کوردستان) نووسییە: یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لە 30 ذوالعقدەی 1315 (19ی نیسانی 1314ی رۆمی) بەرامبەر ٢٢ی نیسانی 1898 لە قاهیرە دەرچوو... بە دوو هەفتە جارێک لە چوار لاپەڕەی (22.5x  32.5) سم دەردەچوو".
 
دكتۆر سه‌پان ده‌ڵێت: "نزیکەی چل ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی یەکەم گوتاری دكتۆر کەمال فوئاد لە گۆڤاری (رووناکی) رەتبووە و 38 ساڵیش بەسەر کۆکردنەوە و چاپکردنەوەی لە بەرگی کتێبێک، کە لەوکات 73 ساڵ بەسەر دەرچوونی ژمارەی یەکەم رەتبووبوو، هەروەها ئەمساڵیش کە یادی 121 ساڵەی رۆژنامەی (کوردستان) دەکرێتەوە، نووسەر و رۆژنامەنووس و توێژەرانی کورد لە هەموو ئەو ماوەیەدا قەت هیچ گومانێکیان لە رۆژی دەرچوون نەبووە و تێڕوانینی هەردووک دکتۆر (22ی نیسان) لە رۆژنامەگەری کوردی چەسپاوە و جێگیره‌. لەڕاستیدا، منیش بە چاولێکردنەوە، هەمان رای هەموو نووسەر و رۆژنامەنووس و توێژەرانی کوردم هەبووە، لەهەمانکات دەمێکە ئارەزووم بوو بەرهەمێکی تێروپڕ لەسەر رۆژنامەی (کوردستان) بنووسم، تێیدا ناوەڕۆکی هەڵبسەنگێنم، باس لە نەخشەسازیی بکەم و لەگەڵ رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ئەوکاتی عەرەبی، تورکی، فارسی و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی بەراوردی بکەم، بۆ ئەوەی ئەم توێژینەوەیەم سەربگرێ و بە تێری لەسەری بنووسم، دەبوایە سەردانی کتێبخانەی مەلەکی سوید لە ستۆکهۆڵم بکەم، سەردانی دیاربەکر و تورکیا و ئەرشیفی عوسمانلی لە ئیستانبۆل بکەم، هەروەها سەردانی وڵاتی میسر و چاپخانەی هیلال، رۆژنامەی الاهرام و کتێبخانەی ئەسکەندەرییە بکەم. ئەو هەموو سەفەرانە خەرجی زۆری دەویست، بۆیە وەک پڕۆژە بۆ چەند دەزگا و بەرپرسێکی حکومیم نارد، هیچ وەڵامم وەرنەگرت. بۆیە لە نۆڤێمبەری 2018 لەگەڵ کاک برزۆ ئیسماعیل سەردانی برادەرێکی بازرگانی خوێندەوار و خوێنەر و ئاشقی کتێب و فەرهەنگم لە شاری سلێمانیم کرد، لەناو قسەکان باسی ئەو خەونەی منیش کرا، بێئەوەی چاوەڕێی هیچ لەو بازرگانە بەڕێز و خەمخۆرە بکەم، بێئەوەی بە نامە وەک پڕۆژە بۆی بنووسم یان هیچ بیرۆکەیەکم بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ چاپکردنی کتێبێک لە مێشک بووبێ، ئەو پشتگیریی تەواوی لەم پڕۆژەیە کرد و هەموو خەرجییەکەشی خستە ئەستۆی خۆی".

پرۆفیسۆر سه‌پان، زیاتر دوا و وتى: "دوای سەردانی کتێبخانەی مەلەکی ستۆکهۆڵمم بۆ وەرگرتنی کۆپی دوو ژمارەی دوو رۆژنامەی رۆژانەی بەناوبانگی سویدی (Aftonbladet–Dagens nyheter) ی (22ی نیسانی 1898) کرد، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەگەڵ رۆژنامەی (کوردستان) بەراوردیان بکەم...من بینیم لەسەر هەردووک رۆژنامە (ئەفتۆنبلادێت)، (داگینس نیهێتەر) رۆژی هەینی نووسرایە...من یەکسەر گومانم لاپەیدابوو کە رۆژی هەینی پێش 121 ساڵ لە میسر باوەڕناکرێ، خەریکی دەرکردنی رۆژنامە بووبن، چونکە لە جیهانی ئیسلامی ئەم رۆژە پشووە... دواتر سەیری ژمارە 1ی رۆژنامەی (کوردستان)م کرد، رۆژی پێنجشەمی لەسەر نووسرابوو، زوو تێگەیشتم 22ى نیسان هەڵەیە".

مەغدید سەپان دەڵێت: "من پێشتر زانیبووم مامۆستا فەرهاد شاکەلی گوتارێکی لەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی (کوردستان) نووسیبوو و تێیدا سەلماندبووی کە رۆژی 22ی نیسان رۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستان نییە، بۆیە دوای دیدارم لەگەڵ مامۆستا فەرهاد شاکەلی لە شاری ئوپسالا لە سوید باسم لە رۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) کرد، کە 22ى نیسان هەڵەیە و 21ی نیسان دروستە، چونکە بەپێی تەقویمی کۆچی دەبوایە 29ی مانگی ذوالعقدە لە لاپەڕەی 1ی رۆژنامەی (کوردستان) بنووسرابا نەک وەک ئێستا 30ى ذوالعقدە، هەروەها بەپێی تەقویمی رۆمی پێنجشەممە 9ی نیسانی 1314 ئەگەر بۆ ساڵی زایینی بگۆڕین دەکاتە 21ی نیسانی 1898، بەمجۆرە دەسەلەمێندرێ کە رۆژی 22ی نیسان هەڵەیە و رۆژی 21ی نیسان دروستە". 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure