ترەمپ و حەفتەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

هەواڵ / جیهان :: 20/04/2019‌ :: 88‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممەی رابردوو 15ی نیسانی 2019 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جەنەراڵ خەلیفە حەفتەر فەرماندەی سەربازی لیبی ئەنجامداوە.


کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا بێ ئاماژەدان بە دواکەوتنی ئاشکراکردنی پەیوەندییەکە، دەڵێت: "سەرۆک ترەمپ دانی بە رۆڵی حەفتەردا ناوە لە دژایەتی کردنی تیرۆر و پاراستنی بیرە نەوتییەکانی لیبیا، هاوکات هەردوولا بۆچونی هاوبەشیان هەبووە لەسەر چەسپاندنی سیستمێکی سیاسی دیموکراسی لە لیبیا".

بەپێی هەواڵێکی بی بی سی عەرەبی، پێشتر فایز سەرجاج، سەرۆکی حکومەتی لیبیا کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکات، ئیدانەی بێدەنگی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی کردبوو لەبەرامبەر نزیکبوونەوەی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر لە ترابلوسی پایتەخت.

بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە شەڕی نێوان حکومەتی لیبیا و هێزەکانی خەلیفە حەفتەر کە لە رۆژی 4ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، 205 کەس کوژراوە.

لەدوای رووخانی رژێمی معەمەر قەزافییەوە لە ساڵی 2011، لیبیا بە بۆشاییەکی ئەمنیدا تێپەڕدەبێت، قەیرانەکەی ئەم دواییەش کاتێک سەری هەڵدا هێزەکانی حەفتەر لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو ترابلوسی پایتەخت پێشڕەویان کرد.

هێزەکانی حەفتەر دەڵێن فڕۆکەخانەی ترابلوسی نێودەوڵەتیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام حکومەتەکەی سەراج رەتیدەکەنەوە.

سەراج فڕەنسا بە پشتیوانی کردنی حەفتەر تۆمەتبار دەکات و دەڵێت کۆتایی بەهەموو ئەو رێککەوتنە ئەمنیانە دەهێنێت کە لەگەڵ پاریس واژۆیکردووە، بەڵام فڕەنسا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

سەراج دەشڵێت: "پێویستە حەفتەر لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت لەسەر وەحشیگەری هێزەکەی و فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ دەرکردووە".


ئا: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure