تورکیا دوو "سیخوڕی" ئیماراتی دەستگیردەکات

هەواڵ / جیهان :: 20/04/2019‌ :: 174‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دەسەڵاتدارانی تورکیا، دوو کەسیان دەستگیرکرد، کە بە وتەی خۆیان "ئەندامی دەزگای سیخوڕی ئیمارات بوون و زانیارییان لەسەر ئۆپۆزسیۆنە عەرەبەکانی تورکیا کۆکردووەتەوە".


بەرپرسێکی تورکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، وڵاتەکەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دوو کەسەدا دەکات و گومان دەکرێت پەیوەندییان بە کوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودییەوە هەبوو بێت، بەتایبەت لەکاتێکدا کە یەکێکیان چەند رۆژێک دوای رووداوەکە گەیشتووەتە تورکیا.

بەرپرسە تورکییەکە ئاماژە بەوەشدەکات: ئەو گومانلێکراوە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لەژێر چاودێریدا بووە پێشئەوەی لایەنە ئەمنییەکان لە ئەستەنبوڵ دەستگیری بکەن و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت بەوەی ئایا پەیوەندی بە رووداوەکەوە هەیە یان نا.

دەشڵێت: "پێدەچێت ئەو دوو کەسە هەوڵیاندابێت زانیاری لەسەر هاووڵاتیانی عەرەب کۆبکەنەوە، بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەکان کە لە تورکیا نیشتەجێن".

بەوتەی ئەو بەرپرسە تورکییە: "دەستگیرکراوەکان دانیان بەوەداناوە کە بۆ دەزگای سیخوڕی ئیمارات کاردەکەن".

ئیمارات یەکێکە لە هاوپەیمانە گرنگەکانی سعودیە و هەردوولایان لە قەیرانە دیبلۆماسییەکەی قەتەردا ساڵی 2017 هەماهەنگیان دەکرد و دەوحەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە یارمەتی تیرۆر دەدات، دەوحەش چەندین جار ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی بی بی سی عەرەبیش، تائێستا هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی ئیمارات بە کوشتنی خاشقچییەوە تێوەگلابێت.

ئا: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure