پۆلیسى هه‌ولێر: بكوژى ئه‌و گه‌نجه‌ى ته‌رمه‌كه‌ى له‌ کەسنه‌زان دۆزرایه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا

هەواڵ / کوردستان :: 19/04/2019‌ :: 421‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌كى تۆمه‌تباره‌كه‌ و ئه‌و داره‌ى كه‌ گه‌نجه‌كه‌ى پێ كوژراوه‌

دواڕۆژ


ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ىنیسان، دواى تێپه‌ڕینى نۆ ڕۆژ به‌سه‌ر كوشتنى گه‌نجێك و به‌جێهێشتنى ته‌رمه‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى كه‌سنه‌زان، سه‌ره‌نجام پۆلیسی کۆیە  بكوژه‌كه‌ى ده‌ستگیركرد.

له‌ كاتژمێر 9ى شه‌وى چوارشه‌ممه‌  10ى  نیسان، ته‌رمى گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 28 ساڵ به‌ناوى بیلال عبدالرحمن،  له‌سه‌ر رێگاى كه‌سنه‌زان فڕێدرا، پاش لێكۆڵینه‌وه‌ى پزیشكى دادوه‌رى ده‌ركه‌وت "بەھۆی بەرکەوتنی زەبرێکی بەھێز بەر سەری گیانی لەدەستداوە"، له‌دواى روداوه‌كه‌ش پۆلیس ده‌ستى كرد به‌ڵكۆڵینه‌وه‌.

پۆلیسى هه‌ولێر  راگه‌یه‌نراوێكى له‌سه‌ر زارى رائدی مافپه‌روه‌ر شاخەوان سعید، له‌ بنكه‌ى پۆلیسى كه‌سنه‌زان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ رایگه‌یاندووه‌ "دوای ئاگادارکردنەوەمان بەبوونی تەرمێک لە 11ى نیسان، لەسنوری بنکەکەمان دەستبەجێ تیمێکی لێکۆلەری چوین بۆ شوێنی رووداو دەرکەوت، کەسێک بەناوی (بیلال عبدالرحمن) کە تەمەنی 28 ساڵە بەھۆی بەرکەوتنی زەبرێکی بەھێز بەر سەری گیانی لەدەستداوە".

وتیشى :"لەلێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانماندا دەرکەوت، بکەری تاوانەکە کێیە، دواتر بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی کۆیە توانیان تاوانبارەکە دەستگیربکەن و بۆ ئێمەی ڕەوانەی بکەنەوە".

ئه‌وه‌ش خستووه‌ته‌ڕوو :"دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵی تۆمه‌تباره‌كه‌ دانى بە تاوانەکەیدانا، کە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتی تاوانەکەی ئەنجامداوە، هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستادا بەپێی مادەی 406ی یاساى سزادانى عێراقی دەستگیر کراوە.".

له‌باره‌ى ناسنامه‌ى تۆمه‌تباره‌كه‌شه‌وه‌ رائدی مافپه‌روه‌ر شاخەوان سەعید ئاشكرایكردووه‌ :"تۆمه‌تباره‌كه‌ ناوى (ع. ا) و تەمەنی 47 ساڵە".

داڕشتنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure