هه‌ڵه‌بجه‌: سه‌ربڕينخانه‌یه‌كى نوێ دروستده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 19/04/2019‌ :: 227‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌كى سه‌ربڕخانه‌ى كۆنى هه‌ڵه‌بجه‌

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌ڕێوه‌به‌رى خۆپاراستنى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: ئه‌و سه‌ربڕينخانه‌یه‌ى ئێستا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌ هیچ مه‌رجێكى ته‌ندروستى تێدا نییه‌ و شیاوى به‌كارهێنان نییه‌، بۆیه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ جێگایه‌كى گونجاوى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ربڕينخانه‌یه‌كى مۆدێرن دروستده‌كه‌ین.

ئه‌كره‌م محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری خۆپاراستنی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژ-ی راگه‌یاند: ئه‌و سه‌ربڕينخانه‌یه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا سودى لێ وه‌رده‌گیرێت له‌ رووى ته‌ندروستى و ژینگه‌ییه‌وه‌ هیچ مه‌رجێكى تێدا نییه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كى زۆره‌ ئه‌و سه‌ربڕينخانه‌یه‌ دروستكراوه‌، خه‌ریكه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌نته‌رى شاره‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ڕووى ته‌ندروستییه‌وه‌ گونجاو نییه‌".

وتیشى :"تیمه‌كانمان، پشكنینیان بۆ سه‌ربڕينخانه‌كه‌ى ئێستا كردووه‌، له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ شیاونییه. هاوكات  چه‌ند ساڵێكیشه‌  نوسراومان كردووه‌ كه‌ سه‌ربڕینخانه‌یه‌كى نوێ دروستبكرێت، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانی دارایی دروستكردنى ئه‌و سه‌ربڕينخانه‌یه‌ دواكه‌وت، خۆشبه‌ختانه‌ كه‌ ئێستاش قه‌یرانى دارایى تاڕاده‌یه‌ك كۆتایهاتووه‌ ده‌مانه‌وێت به‌زوترینكات ئه‌و سه‌ربڕینخانه‌ نوێیه‌ دروستبكرێت".

به‌ڕِێوه‌به‌رى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"له‌لایه‌ن ئیداره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ راسپێردراوم بۆ  ئه‌وه‌ى به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانی له‌ شوێنێكى گونجاوى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ زوترینكات ده‌ستبكه‌ین به‌ دروستكردنى ئه‌و سه‌ربڕينخانه‌ نوێیه‌ به‌جۆرێك دوربێت له‌شوێنی دانیشتوانی هاوڵاتیان و له‌ده‌ره‌وه‌ی شار بێت و له‌دوری پڕۆژه‌كانی هاوڵاتیانیش ده‌بێت".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure