حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گەشتیارانی ئێرانی ده‌رده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 20/04/2019‌ :: 7485‌ جار بینراوە
وێنه‌یى یه‌كێك له‌ مه‌رزه‌كانى نێوان هه‌رێم و ئێران

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌پێی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕی ئه‌و 25 هه‌زار دیناره‌ی پێشتر له‌ گه‌شتیارانی ئێرانی وه‌رده‌گیرا له‌مه‌ودوا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یان لێوه‌رناگیرێت. 


ته‌ها زراری، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ و گه‌یاندنی هه‌ولێر (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ى نیسانى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ رێگه‌ی بڕیارێكه‌وه‌ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا بڕی ئه‌و 25 هه‌زار دیناره‌ی كه‌ پێشتر له‌ گه‌شتیارانی ئێرانی وه‌رده‌گیرا كاتێك سه‌ردانی هه‌رێمیان ده‌كرد له‌مه‌ودوا نابێت لێیان وه‌ربگیرێت. 

وتیشی: "له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی هه‌رێم رێككه‌وتن كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌توانن بێ ڤیزا سه‌ردانی ئێران بكه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چیتر پێویستناكات هاوڵاتیانی هه‌رێم بڕۆنه‌ كونسوڵخانه‌كانی ئێران بۆ وه‌رگرتنی ڤیزا". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هه‌ر هاوڵاتیه‌ك كه‌ ده‌یه‌وێت سه‌ردانی ئێران بكات ته‌نها بڕی دوو هه‌زار دینار ده‌داته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پۆسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڤیزای گه‌شتكردنی ئێرانی بۆ بنێدرێته‌ ماڵه‌وه‌ تاوه‌كو گه‌شته‌كه‌ی پێبكات كه‌ ئه‌ویش له‌ بری كرێی رێگا لێیان وه‌رده‌گیرێت. 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure