كوردێك له‌ئه‌ڵمانیا خۆی بۆ پۆستی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی كاندید ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 19/04/2019‌ :: 519‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

هاووڵاتیه‌كی شاری هه‌ولێر له‌سه‌ر لیستی پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانی له‌شاری لودڤیگس هافن  خۆی بۆ پۆستی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی کاندید كردوه‌ و داوا له‌ كوردانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات ده‌نگی پێبده‌ن. 


یوسف ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌ندامی ئه‌و پارته‌یه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا كه‌ بڕیاروایه‌ رۆژی (26ی ئایاری 2019) ئه‌نجامبدرێت، خۆی كاندید كردووه‌. 

وتیشی: "له‌سه‌ر پۆسته‌ری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ دروشمی (ئازادی لێرە لەماڵەوەیە) بەشداریمکردوە و مەبەست لەو دروشمه‌ش ئەوەیە کە مرۆڤ لەو شوێنەی لێی دەژی ئازادی هەیە یان دەبێت مرۆڤ ئازادی هەبێت، پارته‌كه‌ی ئێمەش کار بۆ بەیەکەوە ژیان، مافی خێزان، ژینگەپارێزی، مافە کۆمەڵایەتییەکان، ئاشتی و ئازادی ده‌كات بۆیە هیوادارم بتوانین له‌ ئاستی ده‌نگده‌رانی كورددا بین له‌و شاره‌". 

ناوبراو له‌ ساڵی 1966 له‌ گوندی دووشیوانی مه‌نتك سه‌ر به‌ناحیه‌ی قوشته‌په‌ی شاری هه‌ولێر له‌دایك بووه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین كتێب و وتاری رۆژنامه‌وانییه‌، له‌ چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆری هونه‌ری و گردبوونه‌وه‌ به‌شداری كردوه‌ و پێشتریش پێشمه‌رگه‌ی شاخ بووه‌. 

یوسف ئه‌حمه‌د، له‌ رێگه‌ی سایتی دواڕۆژه‌وه‌ داوای له‌ كوردانی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا و شاری لودڤیگس هافن كرد ده‌نگی پێبده‌ن، وەک خۆی دەڵێت: ئه‌و له‌ پێناو ئازادی ئه‌وان خۆی كاندید كردوه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure