گۆڕان بەڵێننامە بە کاندیدەکانی بۆ پۆستە حکومییەکان پڕدەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 19/04/2019‌ :: 578‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاریداوه‌ ئەو به‌رپرسانه‌ی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پۆست وه‌رده‌گرن دەبێت به‌ڵێننامه‌یه‌ك پڕبكه‌نه‌وه‌ كه‌ تا كۆتاییهاتنی ماوه‌ی یاسایی پۆسته‌كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕاندا بمێننه‌وه‌. 


به‌پێی به‌ڵێننامه‌كه‌ كه‌ ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ و له‌لایه‌ن ژووری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌كراوه‌ و خانه‌ی راپه‌ڕاندن و جڤاتی نیشتمانیی بڕیاری له‌سه‌رداوه‌، پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا پۆست وه‌رده‌گرن به‌ ئیجباری ده‌بێت به‌ڵێننامه‌كه‌ واژۆ بكه‌ن. 

له‌و به‌ڵێننامه‌یه‌دا هاتوه‌: "من بەڵێندەدەم تاوەکو کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی پۆستەکەم گۆڕان بم و پابەندی بەرنامەکانی بم، هەرکات بۆچوونم گۆڕا بزوتنەوەکە مافی خۆیەتی پۆستەکەم لێوەربگرێتەوە و کەسێکی دیکە لە شوێنم دابنێت".

هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ڵێننامه‌كه‌شدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆمپیالەیەک بۆ وه‌رگرتنی بڕی 200 ملیۆن  دینار له‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ پۆستی وەزیر، بریکار و راوێژکاریان هەیە،  بۆ  بەڕێوەبەری گشتیش بڕی 100 ملیۆن و پۆستەکانی دیکەش 50 ملیۆن دینار.

ئه‌م به‌ڵێننامه‌یه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێشتریش به‌و كه‌سانه‌ پڕكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئامانج له‌ پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌كه‌ و وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ركاتێك په‌رله‌مانتار یان وه‌زیر و به‌رپرسه‌كانی تر له‌ سیاسه‌تی ئه‌و حیزبه‌ لایاندا مافی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌كه‌یان نامێنێت و له‌ چوارچێوه‌ی حیزبیش دوورده‌خرێنه‌وه‌. 

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌رپرسانی شاندی بزوتنه‌وه‌كه‌یان له‌كاتی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ به‌رپرسانی پارتیان وتوه‌ ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستكراوه‌بێت له‌و پۆستانه‌ی به‌ری ده‌كه‌وێت و تا كۆتایی خوله‌كه‌ ئه‌و پۆستانه‌ لای گۆڕان بمێننه‌وه‌ و  هه‌ركاتێكیش ئه‌و كه‌سانه‌شی پۆست وه‌رده‌گرن گۆڕان بۆی هه‌یه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ دووریان بخاته‌وه‌ و كه‌سی دیکە له‌ شوێنه‌كانیان دابنێت. 

کوێستان محەممەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند:  پێشتریش بەڵێننامە به‌و كه‌سانه‌ پڕكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ په‌رله‌مانتار ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو گۆڕان پۆست له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان وه‌رده‌گرن پابه‌ند بن بە په‌یڕه‌و و پرەنسیپەکانی بزووتنەوەی گۆڕان. 

وتیشی: "گۆڕان ته‌نیا پۆست به‌و كه‌سانه‌ نادات به‌ڵكو له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی پۆست ده‌بێت  کار بۆ ئامانجه‌كانی گۆڕان بكات كه‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ خه‌ڵك دراوه‌". 

پ: چ.ع

بڵاوكردنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure