چیرۆکی کوشتنی جەمال لەلایەن برا بچوکەکەیەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/04/2019‌ :: 14701‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

بەهۆی بیروباوەڕی ئاینی جیاوازەوە، جەمال بەردەوام لەگەڵ برا بچوکەکەیدا ناکۆکی هەبووە،  به‌ڵام هه‌رگیز له‌هزری هیچ كه‌سێكی خێزانه‌كه‌یدا نه‌بووه‌ كار بگاته‌ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن براكه‌یه‌وه‌ بكوژرێت و تاوانه‌كه‌ش بشاردرێته‌وه‌.


كاتژمێر 10ی شه‌وی شه‌ممه‌ (13ی نیسانی 2019)، له‌سه‌ر رێگه‌ی حه‌ولی نزیک گه‌ڕه‌كی په‌نجا عه‌لی شاری كه‌ركوك، ته‌رمێك دۆزرایه‌وه‌ كه‌ دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ ده‌ركه‌وت هاووڵاتی (جه‌مال مسته‌فا ئه‌مین)ەو له‌نزیك ئۆتۆمبێله‌ ته‌كسییه‌كه‌ی به‌چه‌قۆ كوژراوە.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدابوو كه‌ كه‌سوكاری جه‌مال نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌كانی پۆلیس به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان، چونكه‌ هیچ رۆژێك له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌كاره‌وه‌ بۆ ماڵ تاوه‌كو ئه‌و وه‌خته‌ دوانه‌كه‌وتبوو.

جه‌مال له‌گه‌ڵ (ئـ.)ی برایدا به‌یه‌كه‌وه‌ له‌كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌ كاریان كردوه‌ و هه‌موو ئێواره‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، رۆژی رووداوەکە سه‌ره‌تا (ئـ.)ی گه‌یاندووه‌ته‌وه‌ ماڵ له‌گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری، دواتر چووه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان له‌گه‌ڕه‌كی ئازادی، دواكه‌وتنیشی له‌و رۆژه‌دا به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ده‌زانن كه‌ (ئـ.) گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ ماڵ ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ گومان له‌لای خێزانه‌كه‌ی دروستده‌كات كه‌ توشی كێشه‌یه‌ك بووبێت، بۆیه‌ سۆراغکردن ده‌ستپێده‌كه‌ن.

(م.س) یه‌كێك له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خێزانه‌كه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌دواڕۆژی وت: "له‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی جه‌مال، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ قسه‌ی سه‌ره‌تایی لە (ئـ.)ی برای وه‌گیرا، چونكه‌ دواین كه‌س بووه‌ له‌گه‌ڵیدا و به‌هۆی بوونی شوێنه‌واری برین به‌ده‌ستیشیەوه‌ گومانی زیاتری له‌سه‌ر دروستبووە".

وتیشی: "هێشتا ئێمه‌ له‌ گۆڕستان بوین له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ (ئـ.) برای دانی به‌تاوانی كوشتنی برا گه‌وره‌كه‌یدا ناوه‌ و هه‌موومانی توشی شۆككرد".

به‌وته‌ی خزمه‌ نزیكه‌كه‌ی، سه‌ره‌تا (ئـ.) حاشای له‌تاوانه‌كه‌ی كردوە و ویستویەتی بیشارێته‌وه‌ و رایگه‌یاندبوو كه‌ جه‌مال ئه‌وی گه‌یاندووه‌ته‌وه‌ ماڵ و رۆیشتوه‌، به‌ڵام دواتر به‌هۆی بونی شوێنه‌وار لەسەر جەستەی نه‌یتوانیوه‌ نكوڵی زیاتر بكات.

جه‌مال مسته‌فا ئه‌مینی ته‌مه‌ن 40 ساڵ، هاوسه‌ری هه‌بووه‌ و منداڵێكیشی هه‌یه‌ و له‌ئێستاشدا ژنه‌كه‌ی دووگیانه‌ به‌منداڵێكی دیكه‌.

عه‌قید هه‌ڤاڵ به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی عروبه‌ به‌دواڕۆژی وت: "دوای دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی جه‌مال ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تاوانه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد و دوای چه‌ند كاتژمێرێك توانرا ئاشكرابكرێت كه‌ براكه‌ی كوشتویەتی، چونكه‌ شوێنه‌واری به‌رگری جه‌مال به‌ده‌ستی بكوژه‌كه‌وه‌ بووە".

وتیشی: "سه‌ره‌تا بكوژه‌كه‌ ده‌یویست تاوانه‌كه‌ی بشارێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌زمون و لێهاتویی ئه‌فسه‌ره‌كانی نه‌هێشتنی تاوان و لێكۆلێنه‌وه‌ توانیان ئاشكرایبكه‌ن".

به‌وته‌ی چه‌ند هاووڵاتیه‌كی دانیشتوی گه‌ڕه‌كی ئازادی، سه‌ره‌تا ناوی (ئـ.) وه‌كو یه‌كێك له‌براكانی له‌لافیته‌ی پرسه‌كه‌ی جه‌مالدا نوسراوه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرابوو كه‌ ئه‌و تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌، خێزانه‌كه‌ی ناوه‌كه‌ی ئه‌ویان له‌ لافیته‌كه‌دا سڕیوه‌ته‌وه‌.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure