نهێنى نوێ له‌باره‌ى ده‌ستگیركردنى سه‌دام حسێن ئاشكرا بوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/04/2019‌ :: 21085‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


 سایتى (Esquire)  به‌ پشتبه‌ستن به‌وته‌ى به‌شێك له‌به‌رپرسانى سوپاى ئه‌مریكا كه‌ به‌شدارییان كردووه‌ له‌ پرۆسه‌ى ده‌ستگیركردنى سه‌دام حسێن سه‌رۆكى رژێمى پێشوى عێراق چه‌ندین نهێنى نوێى ئه‌و ده‌ستگیركردنه‌ى ئاشكرا كردووه‌ له‌وانه‌ ئه‌و سه‌ره‌داوه‌ى كه‌ هۆكار بووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى حه‌شارگه‌ى سه‌دام و  گفتوگۆى نێوان سه‌رۆكى رژێمى پێشوى عێراق و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار بینیویانه‌.  

 
راى ئۆدێرۆ  فه‌رمانده‌ى یه‌كه‌ى چوارى پیاده‌ى سوپاى ئه‌مریكا ئاشكرایكردووه‌ كه‌ هاوڵاتیانى عێراق له‌ سه‌دام حسێن ده‌ترسان كاتێك له‌ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌و كاتێكیش دیارنه‌ماوه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌ترسان و درێژه‌ كێشانى ونبونى ئه‌وه‌ندى تر ترسه‌كه‌ى زیاد كردبوو".

 

هاوكات راین رێد سه‌رۆك ئه‌ركانى فیرقه‌ى چوارى پیاده‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ كه‌ ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا (سى ئاى ئه‌ى) پێى وابوو كه‌ سه‌دام گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ى تیایدا گه‌وره‌بووه‌ و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ كۆڵۆنێڵ ستیڤ راسڵ راسپێدرا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌و شارى تكریت بڕوات كه‌ سه‌دام لێى له‌دایك بووه‌.

 

پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى سه‌دام حسێن بۆ ئه‌مریكییه‌كان كارێكى ئه‌سته‌م بووه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ پێشبینیكراوه‌ به‌شێك له‌ لایه‌نگره‌كانى داڵده‌ى بده‌ن.

 ئه‌ریك مادۆسك لێكۆڵه‌ر له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى سه‌دام حسێندا ده‌ڵێت": بۆ گه‌ڕان به‌دواى شوێنى خۆحه‌شاردانى سه‌دام حسێندا پشتمان به‌و زانیارییه‌ هه‌واڵگریانه‌ ده‌به‌ست كه‌ له‌ یاوه‌ر و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى سه‌دام حسێنه‌وه‌ ده‌ستمان ده‌كه‌وت كه‌ له‌لامان ده‌ستبه‌سه‌ر بوون و په‌ناشمان بۆ كه‌سانى تر برد بۆ دۆزینه‌وه‌ى و بۆ ئه‌وه‌ش زنیارییمان له‌ خێزانى یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانى سه‌دام برد".

به‌پێى ئه‌و راپۆرته‌ ئه‌مریكیه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ى شوێنى خۆحه‌شاردانى سه‌دام زیاتر پشتیان به‌ محه‌مه‌د ئیبراهیم عومه‌ر موسلیت به‌ستووه‌ كه‌ پاسه‌وانى كه‌سی و نزیكى سه‌دام بووه‌.

له‌كۆتایی مانگى به‌هارى ساڵى (2003) دا زانیاریه‌ك گه‌یشتووه‌ به‌هێزه‌كانى ئه‌مریكا به‌وه‌ى سه‌دام حسێن له‌ كیڵگه‌یه‌كه‌ كه‌ 16 كیلۆمه‌تر له‌  شارى تكریته‌وه‌ دووره‌.

 

ئۆول شۆن له‌ یه‌كه‌ى چواره‌مى پیاده‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌ڵێت:"كاتێك که‌ گه‌یشتینه‌ كیڵگه‌كه‌و پیایدا گه‌ڕاین تێبینى ئه‌وه‌مان كرد كه‌ باخچه‌یه‌كى پشته‌وه‌ى كیڵگه‌كه‌ هه‌ڵكه‌نداوه‌ و بڕى 8 ملیۆن دۆلاریشی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه‌.

 یه‌كێك له‌و وه‌رگێڕانه‌ى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئه‌مریكا بوون ئاشکرایده‌كات كه‌ له‌و كێڵگه‌یه‌ چه‌ندین سندوقى پڕ له‌ گه‌وهه‌رمان دۆزیه‌وه‌ كه‌ تا ئه‌و كاته‌ بڕێكى زۆرى له‌وشێوه‌یه‌ى گه‌وهه‌ریان نه‌بینیبوو.

  ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌نده‌ى تر گومانه‌كانى له‌سه‌ر ئه‌و كیڵگه‌یه‌ى زیادكرد ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانى سوپاى ئه‌مه‌ریكا به‌ڵگه‌نامه‌ى هاوسه‌رگیرى سه‌دام و چه‌ند وێنه‌یه‌كى خێزانه‌كه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند گه‌وهه‌رێك كه‌ هى ساجده‌ى ژنى سه‌دام بووه‌.

 له‌پاش ده‌ستگیركردنى محه‌مه‌د ئیبراهیم عه‌لی موسلیتى یاوه‌رى كه‌سی سه‌دام قایل بووه‌ كه‌ سه‌دامیان راده‌ست بكات.

كۆڵۆنێڵ ستیڤ رۆسێل ده‌ڵێت:" كاتێك چوینه‌ سه‌ر حه‌شاره‌گه‌كه‌ى سه‌دام له‌ده‌ره‌وه‌ كه‌سێكمان بینى كه‌ ریش و سمێڵى درێژ بوو و له‌ حه‌شاره‌گه‌كه‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌و وتى" من سه‌دام حسێن سه‌رۆكى عێراقم، ئاماده‌م بۆ دانوستان، سه‌دام زۆر ماندوو دیار بوو، لاوازیش ببوو".

 له‌پاش ده‌ستگركردنى بۆ دڵنیا بوونه‌وه‌ بڕیار درا كه‌ پشكنینى بۆ بكرێت كه‌ په‌نجه‌ مۆر و وێنه‌ى چاوى گیراوه‌ و ده‌یان وێنه‌شیان گرتووه‌.

 له‌پاڵ گواستنه‌وه‌ى بۆ گرتووخانه‌یه‌ك مارك گرین پزیشكى تایبه‌تى هێزه‌كانى ئه‌مریكا به‌ئه‌سته‌م به‌سه‌دام گه‌یشت چونكه‌ زۆرێك له‌ سه‌ربازه‌كان وێنه‌ى یادگارییان له‌گه‌ڵ سه‌دامدا ده‌گرت.

 سه‌دام له‌ پزیشكه‌كه‌ى پرسیوه‌ قیبله‌ له‌ كوێوه‌یه‌ و ده‌ستى به‌ نوێژكردووه‌ به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دابنیشێت.

  ئه‌وكات پۆڵ برێمه‌ر حاكمى مه‌ده‌نى پێشوى ئه‌مریكا له‌ عێراق پێشنیارى كردووه‌ كه‌ سه‌دام ببرێت گه‌شتیگه‌لى پێنجه‌مى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ كه‌نداوى عه‌ره‌بی به‌ڵام رێ به‌وه‌ نه‌درا چونكه‌ له‌ عێراق دادگایی ده‌كرا.
  داڕشتنه‌وه‌: هـ.ق

 به‌پێى به‌دواداچوونى  سایته‌كه‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure