ئێران هه‌ڕه‌شەى راگرتنى "ئینستگرام" ده‌كات

هەواڵ / زانست :: 18/04/2019‌ :: 408‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى راگرتنى ئینستگرام له‌ وڵاته‌كه‌ى ده‌كات ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بن به‌ یاساكانى كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ و رێز له‌ یاساكان نه‌گرن.

جه‌واد جاوید نیا، یاریده‌ده‌رى داواكارى گشتى ئێران بۆ كاروبارى ئه‌لیكترۆنى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: داخستنى په‌ڕه‌ى رەسمى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ به‌رپرسه‌كان له‌لایه‌ن ئینستگرامه‌وه‌ سوكایه‌تییه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌لى ئێران.

راشیگه‌یاند: به‌پێى یاساكانى ئێران بۆ ژینگه‌ى ئه‌لیكترۆنى، پێویسته‌ هه‌موو یاساكانى پابه‌ندبوون به‌ پرۆگرامه‌كه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بنێردرێت و هه‌موویان به‌ڵین بده‌ن پابه‌ندبن پێوه‌ى ئینجا رێگه‌یان پێده‌درێت ئینستگرام به‌كاربهێنن و ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌ن مۆڵه‌تیان پێنادرێت.

ئه‌وه‌شى راگه‌یاند: چاودێرى بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین و ئەگه‌ر كه‌س به‌ یاساكانه‌وه‌ پابه‌ند نه‌بوو، ئه‌وا رێگه‌چاره‌مان له‌به‌رده‌مدا نامێنێت و ناچارین كه‌ ئینستگرام له‌ ئێران رابگرین.

ئه‌م بڕیار و ده‌ركردنى یاسایانه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ دوو رۆژى رابردوودا ئینستگرام په‌ڕه‌ى رەسمى ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ى سوپاى پاسدارانى ئێرانى راگرت، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا ئه‌و سوپایه‌ى خسته‌ لیستى تیرۆره‌وه‌.

وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال
پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure